لە هەولێر 173 کاندید کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی دەکەن

بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، وێنە و پۆستەری کاندیدانی لایەنەکان لەسەر شەقامەکانی هەولێر کەمتر دەبیندرێن، سۆشیال میدیا بووەتە جێگرەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، کاتژمێر 12:00، بامگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێکرد.
شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر ڕایگەیاند: بەروارد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، لە شەقامەکانی هەولێر دروشم و پۆستەرێکی کەمتر دەبیندرێت، کاندیدەکان وێنەی کەمتری خۆیان بڵاو کردووەتەوە، زۆرێک لە کاندیدەکان لە سۆشیال میدیاوە دەستیان بە بانگەشە کردووە، سەرباری ئەوەش بەهۆی ڕێنماییەکانی پارێزگا کە 17 خاڵ بوون بۆ ڕێکخستنی شێوازی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕێگەی گرتووە لەوەی لە هەموو شوێنێک پۆستەر و وێنەی کاندیدان دابندرێن یاخود هەڵبواسرێن، ڕێنماییەکانی پارێزگای هەولێر هۆشداریداوە لەوەی، ئۆتۆمبێلی حکوومی و دامەزراوەی فەرمی نابێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربێت، هاوکات ڕێگری کردووە لەوەی ، لایەنگرانی هیچ لایەنێک، ئاستەنگی هاتوچۆ بۆ خەڵک دروست بکەن و وا بکەن هاووڵاتییان بێزاربن.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، بۆ کۆبوونەوەی هەر کاندیدێک لەگەڵ لایەنگرانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، پێویستە لێژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر ئاگاداربکرێتەوە و ڕێگەپێدان وەربگیرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا نابێت وێنە و پۆستەری کاندیدانی ئافرەت بشوێندرێن، هەر کەسێک ئەو کارە بکات، سزا دەدرێت، هەر بەپێی ڕێنماییەکانی بۆ ڕێکخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەرکراون، نابێت پۆستەری کاندیدەکان لەبەردەم کامیراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی دابندرێن.
لە هەولێر 173 کاندید کێبڕکێ لەسەر 16 کورسی دەکەن.
کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.
چوارشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، وادەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، لە کاتژمێر 12ـی بەرەبەیانی هەینی 3ـی تشرینی یەکەم، دەست پێدەکات.
لە بارەی کۆتاییهاتنی وادەی بانگەشەکەش، غەلای گوتوبووی: بەیانی ڕۆژی شەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کۆتایی دێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوە بچێت.