عیماد جەمیل: تەواوی پرۆسەی دەنگدان بە دەنگ و وێنە تۆمار دەکەین

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، زۆر بە وردی چاودێری پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، تەواوی پرۆسەکە بە وێنە و ڤیدیۆ و دەنگەوە تۆماردەکەن، دەشڵێت: هەندێ لایەنی سیاسی عێراقی، بەر لە وادەی فەرمی، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، بانگەشەی هەڵبژاردن پێش نەخراوە، ئەمڕۆ 3ـی تشرینی یەکەم هەڵمەتەکە دەستی پێکرد، ڕۆژی 8ـی تشرینی دووەم کۆتایی دێت، گوتی: لە هەولێر بانگەشە سستی پێوە دیارە، پێم وایە ڕۆژانی دادێ بانگەشە باشتر دەبێت.
لەبارەی ئەوانەی سەرپێچی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن دەکەن، عیماد جەمیل گوتی: ئەوانەی پێچەوانەی ڕێنماییەکان بانگەشە دەکەن، سزا دەدرێن، هەندێک لایەنی سیاسی عێراقی، بەر لە وادەی فەرمی کۆمیسیۆن، دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن کردووە ، بۆیە وەک سزادان پێ بژاردنیان بۆ کراوە، دەڵێت: نزیکەی 120 سزا بەسەر کاندید و هاوپەیمانێتی و پارتە سیاسییەکان سەپێندراوە لەبەر ئەوەی سەرپێچی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە، ئاشکرای کرد، بەر لە وادەی فەرمی بۆ بانگەشە، پۆستەری کاندیدان بە ناو و ژمارەوە لە شەقامەکان داندراون و تیمەکانی کۆمیسیۆن ئەو سەرپێچیانەیان تۆمارکردووە، دەڵێت: زیاتر لە هەزار و 900 تیممان هەیە جگەلە لێژنە ناوەندییەکان کە ڕاپۆرت بەرزدەکەنەوە بۆ کۆمیسیۆن، ئەوانەی سەرپێچیش دەکەن، ئەگەر سزا بدرێن و دووبارە سەرپێچی بکەنەوە، پێ بژاردنیان بۆ دەکرێتە دوو بەرابەر.
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: زۆرینەی سەرپێچییەکان لە بەغدان، تاکوو ئێستا نزیکەی 106 کاندیدمان سزاداوە، هەروەها 12 هاوپەیمانێتی سیاسی بەهۆی سەرپێچی، پێبژاردنیان بۆکراوە ، بەڵام تا ئێستا کەس بەهۆی سەرپێچییەوە دوور نەخراوەتە.
گوتیشی: کڕینی کارتی دەنگدان سزای توندی لەسەرە چونکە تاوانی هەڵبژاردنە، ئێمە هۆشداریمان لەوبارەوە داوە، ئەوەی بیکات دەدرێتە دادگا، دەزانین کڕینی کارتی دەنگدان هەیە، لەگەڵ ئەوەی کڕینی ئەو کارتانە هیچ سوودی نییە بۆ هەڵبژاردن.
عیماد جەمیل ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2023 لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هاوکات لە هەڵبژاردنی 2024 بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە دوو ڕێکاری سەرکەوتوو بوون، هیچ سکاڵایەکی سوور لە هەڵبژاردنەکان تۆمار نەکرا.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، بە دەنگ و وێنە، تەواوی پرۆسەی دەنگدان تۆمار دەکەین و چاودێری دەکەین.