بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕۆژهەڵاتی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلەی ڕێختەر ناوچەی زەواری ڕۆژهەڵاتی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنزی سنووری پارێزگای ئەسفەهانی هەژاند و لە سنووری هەردوو پارێزگای قوم و تاران هەستی پێکراوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، لە ناوچەی زەواری لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەسفەهان، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 ڕێختەر لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر تۆماکرا.
لەمبارەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، دانیشتووانی سنووری هەردوو پارێزگای قوم و تاران، هەستیان بە بەهێزی بوومەلەرزەکە کردووە، بەڵام دڵنیاییداوە لەوەی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بێ ئەوەی ئاماژە بە قەبارەی زیانە ماددیەکان بدات.
ئێران بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی یەکێکە لەو وڵاتانەی بوومەلەرزەی زۆری تیادا ڕوودەدات، بەوپێیە کەوتووەتە ناوچەیەکی بەریەککەوتنی پلێتە تیکتۆنییەکانی ژێر توێکڵی زەوییە و بەناوبانگترینیان بوومەلەرزەکەی ساڵی 1990 بوو کە بە گوڕی 7.7 پلەی ڕێختەری بوو، باکووری ڕۆژئاوای ئێرانی هەژاند و بەهۆیەوە نزیکەی 37 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 100 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.