پڕۆفیسۆرێکی کورد لە بەریتانیا سەرپەرشتیی 15ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی نەخۆشییەکانی دڵ دەکات

لە شاری مانچێستەری بەریتانیا، 15ـەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی "لیپید و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان" بەڕێوەچوو، کە تێیدا پزیشکان و پسپۆڕانی جیهانی گفتوگۆیان لەسەر نوێترین توێژینەوەکانی تایبەت بە نەخۆشییەکانی دڵ و چەوریی خوێن کرد. ڕێکخەر و سەرپەرشتیاری سەرەکیی ئەم کۆنفرانسە زانستییە، پڕۆفیسۆرێکی کوردە بە ناوی (هەندرێن سۆران).

ئەم کۆنفرانسە کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت، بووەتە مینبەرێکی جیهانی بۆ خستنەڕووی داهێنان و ڕاسپاردە پزیشکییەکان. پڕۆفیسۆر هەندرێن سۆران، کە ماوەی 15 ساڵە سەرپەرشتیی ئەم کۆنفرانسە دەکات بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: وەک تیمێک کە خاوەنی توێژینەوەی زانستیی زۆرین، ویستمان دەرەنجامی کارەکانمان لەگەڵ جیهاندا بەش بکەین. وەک کوردێکیش شانازی دەکەم کە لەم ئاستە بەرزەدا جێدەستمان دیار بێت و ئێمە بینە ڕێکخەری چالاکییەکی لەم شێوەیە.

جگە لە پزیشکانی بیانی، ژمارەیەک پزیشکی کورد لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کردووە. پڕۆفیسۆر جەمال بەشیر، مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دهۆک، بەشدارییەکەی بە گرنگ وەسف کرد و گوتی: پڕۆفیسۆر هەندرێن جێگەی شانازییە بۆ هەموومان؛ ئێمە پێشتر بەیەکەوە پێنج کۆنفرانسی نێودەوڵەتیمان لە دهۆک ئەنجام داوە و توانیومانە دانپێدانانی کۆلێژی شاهانەی بەریتانی (CPD points) بۆ پزیشکانی کوردستان بەدەست بهێنن.

بەگوێرەی ئامارەکان، ئەو تیمەی پڕۆفیسۆر هەندرێن سەرۆکایەتی دەکات و لە 15 کەس پێکهاتوون، تا ئێستا زیاتر لە 235 توێژینەوەی زانستییان بڵاوکردووەتەوە و بەشدارییان لە نووسینەوەی چەندین پەرتووکدا کردووە کە بوونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و چەوری.

بەشداربووانی کۆنفرانسەکە، لەوانە د. ڤیکتۆریا بیراود، کۆنفرانسەکەیان بە "دەوڵەمەند و پڕ زانیاری" وەسف کرد کە دەرفەتێکی باش دەڕەخسێنێت بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە نێوان پزیشکانی جیهاندا.

 
 
Fly Erbil Advertisment