حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی ترەمپ دەداتەوە

بزووتنەوەی حەماس، وەڵامی  پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و ڕایگەیاند: ئامادەن سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکەن و هەروەها تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست دەکەنەوە.

هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە دایەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی، وڵاتانی دیکە و سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەرز دەنرخێنین.

بە گوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.

هەروەها بزووتنەوەی حەماس، ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ڕادەستکردنی ئیدارەی کەرتی غەززە بە دەستەیەکی سەربەخۆی فەڵەستینی دووپات کردەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هەر ئەمڕۆ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نوسیبووی: داوا لە حەماس دەکەم بە پێشنیازە 20 خاڵییەکە ڕازی بێت، ئەگەرنا دەرگەی دۆزەخی بە ڕوودا دەکرێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە خستەڕوو، کە دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، دیلەکان و چەکدانانی حەماس بەشێکن لە پێشنیازە 20 خاڵییەکە.

ترەمپ پێشتر لە رۆژی سێشەممە. 30ـی ئەیلوولی 2025 ڕایگەیاندبوو ، حەماس چوار ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پێشنیازە 20 خاڵییەکە، ئیسرائیل هەر زوو پێشنیازەکەی قبووڵکرد و وڵاتانی نێوەندگیر و یەکێتی ئەورووپا پێشوازییان لە پێشنیازەکە کرد.

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 لە چەند لایەکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە ڕفاند، بەهۆیەوە شەڕێکی خوێناوی و وێرانکاریی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتەوە و حەوتی ئەم مانگە دەبێتە دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا 66 هەزار و 288 کەس کوژراون و نزیکەی 170 هەزار کەسی دیکەیش بریندارن.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment