جووتیارانی سه‌رده‌شت كێشه‌ی به‌ بازاڕكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌یه

ترێ ڕەشەی سەردەشت یەکێکە لە باشترین و بەتامترین جۆرەکانی ترێ کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوبانگی هەیە، سەرەڕای دەوڵەمەندبوونی ئەو شارە بە ترێ ڕەشە و جۆرەکانی دیکەی میوە، باخدارانی شارەکە کێشەی نەبوونی عەلوە و ساردخانەیان هەیە و لە کاتی بەبازاڕکردندا ناچارن لەناو باخەكانیان بەرهەمەکەیان بە هەرزان بفرۆشن بە دەڵاڵەکان و خۆیان سوودێکی ئەوتۆی لێ ناکەن.

شاری سەردەشت دەوڵەمەندە بە چەندان جۆری میوە لەوانە هەنار، هەنجیر، خۆخ و بەتایبەتی ترێ کە ناوبانگی بە هەموو ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە، بەڵام خاوەن ڕەزەکانی سەردەشت سەرباری ئەوەی جۆری ترێکەیان باشترینە، باس لە کێشەی ڕاگرتن و بەبازاڕکردنی دەکەن، چونکە لە ناوچەکەیان ساردخانەی لێ نییە و تەنانەت عەلوەشیان نییە بۆئەوەی بەرەهەمەکەیان لەوێ بخەنە بازاڕەوە، ناچارن لەناو ڕەزەکەیان بە نرخی هەرزان بە دەڵاڵەکانی بفرۆشن و بەوەش زیانیان پێ دەگات.

ئیدریس قادریان، فرۆشیار گوتی: خەڵکی ئەو شارە ناتوانن هیچ بکەن، لەبەر ئەوەی کە فرۆشیار دێت و بە نرخی هەرزان لێیان دەستێنێ و دەیبەنە شارەکانی دیکە و خۆیان قازانجی لێ دەکەن. بۆیە جووتیارەکان بەڕاستی کێشەیان هەیە، ئەگەر لە سەردەشت شتێک هەبوایە کە وەک بازاڕی عەلوە بێت، خەڵک لەوێ کۆببوایەتەوە و فرۆشیار هەبووایە و لێی بکڕیایە، باشتر دەبوو لەوەی کە بچنە ناو ڕەزەکان و بە نرخێکی زۆر زۆر هەرزان لێیان وەربگرن.

هاودی هەمزەیی، خاوەن ڕەزە و دەڵێت: ناچارین ماڵەکەمان بە نیوەبەها بدەینە بازاڕ، چونکە لێرە نە ساردخانەیەک هەیە کە ترێکانی تێدا دابنێین، ئەگەر بە بازاڕیشی بدەین دەڵاڵەکان لەو دەرفەتە سوود وەردەگرن و نرخەکەی دادەبەزێنن بۆ نیوە و تەنانەت زیاتریش، گوتیشی: لەلایەن هیچ دامودەزگایەک پشتیوانی ناکرێین کە یارمەتیمان بدات بەرهەمەکانمان بنێرینە دەرەوەی وڵات، یان بۆ نموونە بە شێوەیەک حکوومەت یارمەتیدەرمان بێت لە کارەکەماندا، بەڕاستی جووتیاران زیانێکی زۆر دەکەن و زۆر کەس حەزیان کردووە باخەکانیان بەجێبهێڵن.

هاووڵاتییانی شاری سەردەشت گلەیی لەوە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی سیستمی ڕێکخستنی بازاڕ دەڵاڵەکان ترێ ڕەشەی سەردەشت بە نرخی زۆر گران دەفرۆشن و خەڵک ناتوانن بیکڕن، گەشتیارێکیش دەڵێت، ویستوویەتی خۆی ترێی سەردەشت بکڕێت، بەڵام لە بازاڕ دڵنیا نەبووە و ناچار بووە بچێت لەناو ڕەزەکان بیکڕێت.

یاسر کەریمی، هاووڵاتیەکی سەردەشتە و گوتی: لەسەردەشت شوێنێک نییە کە بەرهەمی ترێ ڕەشەی تێدا ساغ بکرێتەوە، بۆئەوەی جووتیارەکان سوودی لێوەرگرن، دەڵاڵەکان دێن لێرە بە هەرزانترین نرخ ترێ ڕەشەکەیان لێ وەردەگرن و دەیبەن. بەڵام خەڵکی سەردەشت بەهای ترێ ڕەشەکەیان زۆر بەرزە، ئێمە خۆشمان سوودێکی زۆر کەمی لێ وەردەگرین. خۆمان ترێ ڕەشەمان هەیە و زۆر جار خۆمان ناتوانین بیخۆین، چونکە نرخی زۆر گرانە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ کەسێک نییە لێپرسینەوە بکات، کە بۆ خەڵکی سەردەشت نرخی گونجاو بێت، بە نرخێک بێت خەڵک بتوانێت بیکڕێت. ئێستا باوەڕ بکە خەڵکی سەردەشت ساڵ هەیە ئەسڵەن مەگەر کەسێک کەسێکی هەبێت بۆی بهێنێت ترێ ڕەشەی خواردبێت، ئەگینا زۆر بە کەمی هەیە کەسێک بتوانێت ترێ ڕەشە بکڕێت لێرە.

مەهسا ڕادی گەشتیاریش دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێکانم هاتووم بۆ سەردەشت ترێشە بکڕم لەبەر ئەوەی ئێرە ناوەندی فرۆشتنی ترێ ڕەشەیە و پێم خۆش نییە لە شارەکانی دیکە ترێ بکڕم، لەبەر ئەوەی دیار نییە کوالێتیی ترێکە پلە یەکە، باشە یان نا، بۆیە هاتووم خۆم بیکڕم و دڵنیا ببمەوە لە کوالێتییەکەی و پێشنیار بە ئێوەش دەکەم بێن و لێرە ترێ بکڕن، چونکە بەڕاستی سروشتی و نایابە.

گرفتی سەرەکیی بە بازاڕکردنی ترێ ڕەشەی بەناوبنگی سەردەشت نەبوونی سیستمی بەبازاڕکردن و ساردخانە و عەلوەیە، یان مەیدانی خستنەڕووی بەرهەمەکانیانە و بە گوتەی خاوەن ڕەزەکان بەرپرسان لەو بوارەدا کەمتەرخەمن و ئەوان زیانیان پێ دەگات، ناچارن بەرهەمەکەیان بە هەرزان بفرۆشن و خێرەکەی بۆ ئەو دەڵاڵانە دەبێت کە دەچن لەناو ڕەزەکان بەرهەمەکەیان لێ دەکڕن

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment