دەریاچەی ڕەزازە لە سنووری کەربەلا نزیکە لە وشکبوون

دەریاچەی ڕەزازە لە سنووری کەربەلا کە پێشتر مەڵبەندێکی گەورەی گەشتییاری و ڕاوەماسی بوو، بەهۆی وشکەساڵیەوە نزیکە لەوەی تەواو وشکبێت، هاووڵاتیان دەڵێن؛ چیتر دەریاچەی ڕەزازە بە کەڵکی گەشتییاری نایەت، چونکە ئاوەکەی کەمبووەتەوە و کەناراوەکانی پیسبوون.

گەشتیارێک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی ئەم دەریاچەیەم بینی، تێیدا زۆر خاوێن بوو ئاوەکەی زۆر بوو، کەشەکەیم بەدڵ بوو، ئیتر لە نەجەفەوە هاتم بەڵام کە لە نزیکەوە بینیم ئینجا تێگەیشتم زۆر جیاوازە، زبڵ و خاشاک کۆبووەتەوە، ئاوەکەشی کەم بووتەوە.

ڕاوچییەکی ماسی دەڵێت: پێشتر ماسی زۆر لەم دەریاچەیە هەبوو بە هەموو جۆرەکانییەوە، بەڵام ئێستا وا نەماوە. پێشتر ئێرە گەشتییاری بوو، خەڵک بۆ پشوو سەردانیان دەکرد بەڵام ئێستا ئەوەش نەماوە تەنیا چەند ڕاوچییەکی لێیە، نازانین داوا لە کێ بکەین بە دەممانەوە بێت، حکوومەتیش هیچمان بۆ ناکات.

بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەکانی کەربەلا هۆکاری وشکبوونی ئەو دەریاچەیە بۆ کەمبوونەوەی بەردەوانەوەی ئاو دەگڕێتەوە، دەشڵێت؛چارەسەری ئەو کێشەیە پێویستی بە چارەسەرکردنی ڕیشەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو کۆگا گەورەیەی ئاو لە لەناوچوون بپارێزین.

عیماد ئەمیر، بەڕێوەبەری ژینگەی کەربەلا گوتی: دەریاچەی ڕەزازە لەساڵی 2018وە ئاوی بۆ بەرنەدراوەتەوە، ئەوکات قوڵییەکەی 23 مەتر و نیو بوو، ئێستا دابەزیوە بۆ 20 مەتر و نیو، هۆکارەکەشی دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداوە لەسەر ئاوەکەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە.

دیمەنی ڕەزازە کە بەبێدەنگی وشک دەبێت چەندان پرسیار لەسەر بەرپرسانی ژینگەی عێراق دەوروژێنێت دەربارەی داهاتووی وڵاتەکە و ئاسایشی خۆراک، ئەگەر ئەم دۆخە بەبێ چارەسەر بەردەوام بێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment