وەزیری جەنگی ئەمەریکا فەرماندەیەکی باڵای دوورخستەوە

وەزیری جەنگی ئەمەریکا سەرۆک ئەرکانی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە. 

ئەمڕۆ شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" لە زاری ژمارەیەک بەرپرسی پێنگاتۆن بڵاویکردووەتەوە، پیت هیگسێس، وەزیری جەنگ؛ جۆن هاریسۆنی، سەرۆک ئەرکانی هێزی دەریایی ئەمەریکای لە پۆستەکەی دوورخستووەتەوە.

پێنتاگۆن لە ڕاگەیەنراوێکدا دوورخستنەوە هاریسۆنی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند: "ناوبراو چیتر وەک سەرۆک ئەرکانی وەزیری هێزی دەریایی کار ناکات. سوپاسگوزاری خزمەتەکانی بۆ وەزارەتەکەین".

ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە "میوانداریی سڵاوکردن لە کەشتیگەلی هێزی دەریایی ئەمریکا لە نۆرفۆلک لە ویلایەتی ڤێرجینیا دەکات" و جەختی لەوەش کردەوە "ئەمە دەبێتە گەورەترین ئاهەنگ لە مێژووی هێزی دەریاییدا".

ترەمپ گوتیشی: "بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم، ڕۆژی یەکشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2025، میوانداریی سڵاوکردن لە کەشتیگەل لە نۆرفۆلک لە ڤێرجینیا دەکەم، بۆ ڕێزلێنان لە پیاو و ژنە ئازاکانمان لە هێزی دەریایی ئەمەریکا. خاتوونی یەکەمی نایابمان، هەروەها وەزیری جەنگی مەزن، پیت هیگسێس، و وەزیری هێزی دەریایی، جۆن فیلان، لەگەڵماندا دەبن لە کاتێکدا کە یادی 250 ساڵەی هەژموونی دەریایی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەینەوە".

ئەم دوورخستنەوەیە دوای چەند مانگێک دێت لە زنجیرەیەک دوورخستنەوە لەناو پێنتاگۆندا، کە هیگسێس سەرکردایەتیی دەکرد لە ڕێگەی لابردنی ژمارەیەک لە یاریدەدەرە باڵاکانی لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەنێویاندا سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش، و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازیی هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و پاسەوانی کەناراوەکان.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment