لە سلێمانی حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب کرایەوە

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە شاری سلێمانی کرایەوە و بڕیارە تا 13ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام بێت.
پێشانگاکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تا 8ـی ئێوارە بەڕووی خوێنەران و سەردانیکەراندا کراوە دەبێت. بەشدارییەکی بەرفراوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.
زیاتر لە 250 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان کردووە، کە لەو ژمارەیە سەدا 70ـیان ناوەندیان نێودەوڵەتین و سەدا 30ـی ناوخۆیین. کتێب و بەرهەمی چاپکراوی زیاتر لە 16وڵاتی جیاواز لە پێشانگاکەدا نمایش دەکرێن، کە هەزاران ناونیشانی جیاواز لەخۆدەگرێت.
یەکێک لە هاووڵاتییانی بەشداربووی پێشانگاکە ڕایگەیاند: "ئەم پێشانگایە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو هێشتا ئەوەندە گەرموگوڕ نییە، بەڵام خەڵک وردە وردە ڕووی تێدەکەن و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ژمارەی سەردانیکەران زیاتر بێت."
سەبارەت بە خواستی خوێنەران، هەمان هاووڵاتی ئاماژەی بەوەدا، خواستێکی زیاتر لەسەر کتێبە ئینگلیزییەکان هەیە بە بەراورد بە کتێبە کوردییەکان، سەرەڕای ئەوەی کە دەزگا چاپەمەنییە ناوخۆییەکان هەوڵیانداوە بەرهەمی باشتر پێشکەش بکەن.
جێگای ئاماژەیە کە لە پەراوێزی پێشانگاکەدا، ڕۆژانە چەندان چالاکی و پانێڵی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی جیاواز بەڕێوەدەچن.