ئۆجەلان: پێویستە سەدەی نوێی تورکیا لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی دابمەزرێت

شاندی دەم پارتی جارێکی دیکە لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە. ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بە پێویستی دەزانێت سەدەی نوێی کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای "یاسای ئاشتی و دیموکراسی" دابمەزرێت. 

ئەمڕۆ شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گرتووخانەی ئیمراڵی، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە. 

شاندەکە کە پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان، میتحات سانجار و فایک ئۆزگور ئەرۆل، دوێنێ هەینی (3ی تشرینی یەکەمی 2025) دیدارێکی سێ کاتژمێر و نیوییان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجام دا.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە "دیموکراسیی دانوستانکار" یەکێکە لە گرنگترین مۆدێلەکانی چارەسەری کە شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر پەرەی پێداوە و پێویستە ئەم میکانیزمە بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بکرێتە بنەما.

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک" کە ساڵێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە، دۆخی بێململانێی لە تورکیادا باڵادەست بووە و ڕێگری لە مەترسییە گەورەکان کراوە. ناوبراو سوپاسی هەموو ئەو کەسانەی کردووە کە ڕۆڵیان لەم پرۆسەیەدا هەبووە.

هەروەها، ئۆجەلان جەختی لەسەر ئەو خاڵە کردەوە کە لە ڕاگەیەنراوی 27ی شوباتدا ئاماژەی پێکرابوو، پێشکەوتنی پرۆسەکە "پەیوەستە بە پێویستییە سیاسی و یاساییەکانەوە." داواشی کردووە، لەم قۆناغەدا پێویستییە یاساییەکان بە شێوەیەکی دروست و گشتگیر دەستنیشان بکرێن و جێبەجێ بکرێن. هاوکات بە پێویستیشی دەزانێت،سەدەی نوێی کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای "یاسای ئاشتی و دیموکراسی" دابمەزرێت. 

شاندی دەم پارتی لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، باری تەندروستی و ورەی ئۆجەلان "وەک هەمیشە زۆر بەرز، تەندروست و بەباوەڕ بەخۆ بووە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment