سبەی چەکی پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

سایلۆی هەولێر جوتياران ئاگادار دەکاتەوە، سبەی چەکەکانیان دابەش دەکرێت بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو بڕە گەنمەی ڕادەستی سایلۆیان کردبوو.
شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، سایلۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا، جووتیاران ئاگادار دەکاتەوە، سبەی یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، دابەشکردنی چەکی پارەکانیان دەستپێدەکات، وەک ڕایگەیاندووە، چەکی جووتیاران لە زنجیرە(1) تاکوو زنجیرەی(150) کە گەنمەکانیان ڕادەستی سایلۆی هەولێر کردووە، پارەکانیان لە بانکی(TBI) وەردەگرن
سایلۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، هاوشێوەی سیستەمی سایلۆکان، ئەو جووتیارانەی گەنمەکانیان لە (50 )تۆن بۆ خوارە ڕادەستی سایلۆ کردووە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکی پارە، هەروەها ئەوانەی زیاتر لە (50 )تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆ کردووە، لە گوژمەکانی داهاتووی پارەی گەنم، سودمەند دەبن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سایلۆی هەولێر، ئەو کەسەی چەکی بەناوە، دەبێت خۆی ئامادەبێت، یاخود بریکارنامەی (وەکالە) پەسەندکراوی ئەمساڵ بێت، ئەگەر خاوەن چەک کۆچی دوایی کرد بێت، دەبێت دابەشنامەی (شرەعی یان یاسایی) بهێنێت لەگەڵ بریکارنامەی گشت وارسەکان.