ڕامی عەبدولڕەحمان: هیواخوازین سووریا وەک هەولێر ئاوەدان و سەقامگیر بێت

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای یەکەمین سەردانی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ستایشی شارەکە دەکات و بە نموونەی ئاوەدانی، پێکەوەژیان و سەقامگیری ناوی دەبات، دەشڵێت، هیوادارم سووریا لە داهاتوو وەک هەولێری لێ بێت.

شەممە 4ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ،لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "لە یەکەم سەردانمدا بۆ هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، شارێکم بینی کە جوانییەکەی لە وەسف نایەت؛ شارێک پڕە لە ژیان، شکۆمەندی، هەمەجۆری لە خۆ دەگرێت بە ڕۆحێکی لێبووردەییەوە و دانیشتووانەکەی لەسەر بەهاکانی بەخشندەیی و مرۆڤایەتی کۆبوونەتەوە."

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ هیواخوازە وڵاتەکەی شوێنپێی هەولێر هەڵبگرێت و دەنووسێت: "ئێمە خەون بەوەوە دەبینین سووریا هەنگاوەکانی هەولێر بنێت؛ ئەو شارەی کە بەسەر هێرشەکانی تیرۆردا سەرکەوت، داهاتوویەکی گەشی و پرشنگداری بۆ خۆی داڕشتووە،. شارێک کە بۆنی شارستانیەتی کۆن لەگەڵ جوانیی ئاوەدانی و ڕۆحی پێشکەوتندا تێکەڵ بووە."

دەشڵێت: "هەولێر بۆ من وەک ماڵێکی دیکە دەرکەوت، کە خەڵکەکەی دڵێکی گەورەیان هەیە و ڕۆڵەکانی لە هەموو تایفە و ئایین و نەتەوە جیاوازەکان کۆکردووەتەوە، تا بوونەتە پیکهاتەیەکی یەکگرتوو کە ئەمەش ئاسایش پتەوی دەکات و خۆشگوزەرانی زیاتر دەکات.

 

Fly Erbil Advertisment