ئەمەریکا پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتیانی تورکیا راگرت
هۆکارەکەی ئاشکرا دەکرێت
K24- هەولێر:
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەنقەرە بڵاویکردەوە، بەشێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیانی تورکیا رادەگرێت ئەمەش بەهۆی دەستکەوتنی چەند راپۆرتێک لەبارەی هێرشی تیرۆرستی و هەوڵی رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمەریکا لە ئیستانبوڵ.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا، نوێنەرایەتی ئەمەریکا لە تورکیا چەند راپۆرتێکی باوەڕپێکراوی دەستکەوتووە کە ئەوە دەردەخەن، هەوڵی کاری تیرۆرستی و رفاندنی هاووڵاتیانی ئەمەریکا و کەسانی بیانی لە ئیستانبوڵ هەیە.
ئاماژەی بەوەشکراوە، نوێنەرایەتییەکانی ئەمەریکا لە چەند شوێنێک ئامانجی ئەو هێرشانەن.
لای خۆیەوە وتەبێژی باڵیۆزخانەکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، بڕیارەکە لە دوای ئەوە دەرچووە کە چەند راپۆرتێکیان لەبارەی دۆخی ئەمنی تورکیاوە بەدەست گەیشتووە.