ئاگربەستی هەمیشەیی لە لیبیا راگەیەندرا
جەنگ وەستا
K24- هەولێر:
دوو لایەنی ناکۆکی لیبیا کە بەشێکی گەورەی جەنگی ناوخۆی لیبیان، لە ژنێڤ رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست واژۆ دەکەن.
رێککەوتنەکە بە نێوندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدەدرێت و وڵاتان دڵخۆشی خۆیان بە بڕیارەکە دەردەبڕن.
هێیکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەکردووە، ئاگربەستەکە بەڵێنی ئەوە دەدات کە چارەسەرەکان لە سەربازییەوە بۆ سیاسی دەگۆڕدرێن. ئەمە هەواڵێکی هیوا هێنەرە بۆ خەڵکی لیبیا.
هەروەها فەرەنسا پشتگیریی لە رێککەوتنەکە دەکات و بە هەنگاوێکی مێژووی ناوی دەبات.
لە دوای کوژرانی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشووی لیبیا لە ساڵی 2011، جەنگی ناوخۆی لیبیا دەستیپێکردووە و چەندین گروپی میلیشیا و تیرۆرستی لەو وڵاتە دروست بوون. لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاندنی ئاگربەستی سەرەتایی لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی لیبیا راگەیاند و بڕیارە بەم نزیکانە رێککەوتنی کۆتایی واژۆ بکرێت.