بەسپۆنسەری میدیایی کوردستان24 تێدئێکس نیشتمان بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئیڤێنتی تێدئێکس نیشتمان لەژێر ناونیشانی 'شەپۆلی داهاتوو' بەسپۆنسەری دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، بە بەشداریی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەرێوەدەچێت.
ڕەوەند حوسێن، ڕێکخەری تێدئێکس نیشتمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شەپۆلی داهاتوو، کە ناونیشانی ئیڤێنتی ئەمساڵە، بریتییە لە شەپۆلی تەکنەلۆجیا، بەهێزبوون، ئاوەدانی زیاتر بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان، کە ئێمە زیاتر کار لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یەکەم جار لە مێژووی تێد ئێکس نیشتماندا، زیاتر لە 1500 کەس بەشداری دەکەن، هەروەها لە سێ زۆنی جیاواز پێشوازی لە مێوانان دەکەین، گوتیشی: ئێمە پێشتر فۆڕمێکمان بڵاوکردەوە و 15 پرسیارمان دانابوو، زیاتر لە پێنج هەزار کەس خۆیان تۆمارکردووە، گوتیشی: دەمانەوێت بەشداربووی هەمەچەشن لە ئیڤێنتەکەمان هەبن کە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە بەشداربووان لە ئاین و ناوچە و شوێنی جیاواز و تەمەن و بڕوانامەی جیاواز بن، بۆیە ئەتوانم بڵێم ئەمجارە هەمەچەشنترین ئیڤێنت بەرێوەدەجێت.
ڕەوەند حوسێن ڕاشیگەیاند، ئێمە خەڵکمان هەیە لە ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەورووپا هاتووە و بەشدارە، هەروەها قسەکەرمان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە دایکبووە، بەڵام لە دەرەوە خوێندنی تەواو کردووە و ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ئەزموونەکەی خۆی، ئەو توانایەی کە هەیەتی، بتوانێت لەگەڵ گەنجانی دیکە بەشی بکات.
ڕێکخەری تێد ئێکس نیشتمان باسی لەوەشکرد، جیاوازی ئەم تێدئێکسە لەگەڵ تێدئێکسەکانی دیکە ئەوەیە، ئەمساڵ بۆ یەکەم جار لە تێدئێکس نیشتیماندا شوێنێکمان هەیە بەناوی 'زۆنی داهێنەران' کە لەلایەن کوردستان فاوەندەیشنەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە داهێنانیان کردووە لە بابەتی ڕۆبۆت، هەروەها ئەوانەی خاوەنی بیرۆکەن، یان خاوەنی بازرگانییەکی بچووکن، لێرە بەشداردەبن.
ڕەوەند حوسێن دەشڵیت: ئێمە بووینەتە پلاتفۆرمێک یاخود پردێک بۆ ئەوەی ئامادەبووان و بەشداربووان بتوانن بیرۆکەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن و بتوانن پەیوەندی بەرهەمدار دروست بکەن. واتە ئەم سپۆنسەرانەی کە لێرەن، لەناویاندا کوردستان24یش، کە بەڕاستی ئەوان بەشێک بوون لە سەرکەوتنی ئیشەکەی ئێمە و بەبێ ئەوان قورس بوو بتوانین ئیشەکە بکەین.