گەنجانی سلێمانی: گەشبینین بەوەی دەتوانین بە دەنگدان داواکارییەکانمان بەدەستبهێنین

گەنجانی سلێمانی بە پەرۆشەوە خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەن و داوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکان دەکەن.

لە کاتێکدا کاندیدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای سلێمانی، هەریەکە و بە دروشمێکی جیاوازەوە هەوڵی ڕاکێشانی زۆرترین دەنگ بۆخۆیان دەدەن، گەنجانیش وەک توێژێکی کارا و گرنگی کۆمەڵگە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەشداری لەم پڕۆسە چارەنووسسازەدا دەکەن. داوای سەرەکی گەنجان لە کاندیدان ئەوەیە، بەڵێنەکانی ڕابردوو و داهاتووشیان بە کردەوە جێبەجێ بکەن.

محەممەد ئازاد، هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، "گەنجەکانمان سەرمایەی گرنگی ئەم وڵاتەن و ئەو توانایەی لە گەنجەکانی ئێمەدا هەیە لەکەم وڵاتدا هەیە، ئەگەر دەرفەتیان پێبدرێت، دەبنە مایەی داهاتوویەکی باش بۆ وڵاتەکەمان". 

یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی گەنجان لە هەر یەکێک لەم کاندیدانە، بریتییە لە ڕەخساندنی هەلی کار و چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە توێژی گەنجان. هەر لە ئێستاوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی شارەکە ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان دەربڕیوە.

هەردی تاهیر، گەنجێکی دیکەی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 جەختی لەوە کردووەتەوە، "گەنج نەوەی داهاتووی ئەو وڵاتەیە و پێویستە پەرە بە تواناکانیان بدرێت و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێندرێت". ئەم بۆچوونە هاوڕایە لەگەڵ داواکارییە گشتییەکانی گەنجان بۆ وەبەرهێنان لە تواناکانیاندا.

لەلایەکی دیکەوە، هانا کامەران، بە پەرۆشییەوە دەڵێت: "وەکوو گەنجێک بەشداری هەڵبژاردن دەکەم، چونکە گەشبینم بەوەی دەتوانین داواکارییەکانمان لە ڕێگەی دەنگدانەوە بەدەستبهێنین. هیوادارم لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان بتوانن متمانەی گەنجان بگەڕێننەوە بۆ لای خۆیان و پڕۆسەی هەڵبژاردن". ئەم قسەیە هیوا و ئومێدی گەنجان بۆ گۆڕانکاری لە ڕێگەی دەنگدانەوە نیشان دەدات.

شایەنی باسە، 11ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. لە پارێزگای سلێمانی، 136 کاندید کێبڕکێ لەسەر 18 کورسی پەرلەمان دەکەن، چاوی گەنجانیش لەسەر ئەو بەڵێنانەیە، دەدرێن و چاوەڕێی جێبەجێکردنیان دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment