عەلی حوسێن: حکوومەتی عێراق بەردەوام پێشێلی ڕێککەوتنەکانی کردووە

بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە سلێمانی-هەلەبجە- راپەڕین، ئاماژەی بەوە دا، پارتی و سەرۆك بارزانی لەسەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن لە مافەكان بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی پارتی لە سلێمانی-هەلەبجە- راپەڕین، لە كاتی دەستپێكردنی بانگەشەی پارتی لەسلێمانی ڕاگەیاند: لە دوای ساڵی 2003وە، حکوومەتی هەرێم گرفتی لەگەڵ حکوومەتە یەک لەدوایەکەکانی عێراق هەبووە، چونکە پێشلی ڕێککەوتنەکان و دەستووریان کردووە.
هەروەها گوتی: هەموومان بەرگرییمان لە مافەكانی گەلی كوردستان كردووە، بەڵام پارتی و سەرۆك بارزانی لەسەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن لە مافەكان بوون.
عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشەنگی خۆڕاگرییە و بەردەوام هەوڵی داوە، مافەکانی ڕەواییەکانی گەلی کورد دەستبەر بکات.
دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێ، عەلی حوسێن، باسی لەوە کرد، لەگەڵ یەكێتیی 90% كاروبارەكانی پێكهێنانی حكوومەتمان تەواو کردووە، وەزارەتەكان گرفت نابن، گفتوگۆییەكانیش بەردەوامن هیوادارین بگەینە رێككەوتن تا سێ سەرۆكایەتییەكە بەیەك پاكێج تەواو بكەین.
گوتیشی: پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەحزبی یەكەم دەمێنێتەوە و لە سلێمانیش دۆخمان خراپ نییە، بەڵام ناتوانیین ژمارەی كورسییەكان دەستنیشان بكەین