ڕوبیۆ: لەسەر 90%ـی ناوەرۆکی ئاگربەستی غەززە ڕێککەوتووین

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پرۆسەی ئازاد کردنی بارمتەکان چەند ڕۆژێکی دەوێت، هاوکات وەزیری دەرەوە ئەمەریکاش دەڵێت، بە ڕێژەی 90% لەسەر ئاگربەستی غەززە ڕێککەوتووین، هەروەها گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیلیش ئاماژەی دا، سبەی گفتوگۆیە تەکنیکییەکان دەست پێ دەکەن.

یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە "سەرسوڕهێنەر" وەسف کرد و ڕایگەیاند، دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان لەوانەیە چەند ڕۆژێکی دیکە بخایەنێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە نەرمی نواندن لەسەر "پلانی حەماس"، ترەمپ گوتی: "پێویستمان بە نەرمی نواندنێکی زۆر نییە، چونکە هەمووان لەسەری ڕێکەوتووین، بەڵام هەمیشە هەندێک گۆڕانکاری دەبێت."

ترەمپ لەبارەی ئاگربەستی غەززە باسی لەوەش کرد، ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، و تەواوی وڵاتانی عەرەبی، جیهانی ئیسلامی و جیهان دەبێت.

هەروەها مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، بە ڕێژەی 90% لەسەر وردەکارییەکانی ئاگربەستی غەززە ڕێککەوتووین، تەنیا هەندێک کێشەی لۆجستیکی ماون چارەسەر بکرێن، دەشڵێت حەماس بە پلانی دوای شەڕ لە غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان ڕازی بووە، بەڵام لە ماوەیەکی کورتدا، جددیەتی ئەو گرووپەمان لەو بارەوە بۆ دەردەکەوێت.

دانوستانەکان بۆ ماوەی چەند هەفتەی بەردەوام نابن، بۆیە دەبێت پەلە لە پرۆسەکە بکرێت، هاوکات هەر کە ئاگربەستی غەززە ڕاگەیەندرا، دەبێت ئیسرائیل دەستبەجێ بۆمببارانکردنەکەی ڕابگرێت، جەختیش لەوە دەکاتەوە نابێت لە ناوەڕاستی دانوستان، غەززە بۆمبباران بکرێت.

دامەزراندنی حکوومەت لە غەززە کاتی دەوێت، ناتوانین لە ماوەی سێ ڕۆژ حکوومەت پێکبهێنن، چونکە بۆ ئەمە دەبێت پلانێکی جێبەجێکردن، بودجە، پشتگیری و کەستی پسپۆری دەوێت، ئەوەشی خستە ڕوو، ئیسرائیل هیچ نیازێکی نییە، حکوومەتێک لە غەززە پێکبهێنێت، بەڵکوو دەیاونێت کەسێک ئەو کارە بکات و ڕێگری لە کردەوە تیرۆرستییەکان بگرێت.

شۆش بادرۆسیان، گوتەبێژی حکوومەتی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: 'تیمەکە ئەمشەو بۆ قاهیرە بەڕێدەکەوێت و پلانیش وایە گفتوگۆیە تەکنیکییەکان سبەی دەست پێبکەن."

هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا، وەڵامی پێشنیازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بە ئەرێنی دایەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنەراوەکە، بزووتنەوەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان دا، هەروەها ئامادەیە تەرمی بارمتە مردووەکانیش ڕادەست بکاتەوە، لە هەمان کاتدا بزووتنەوەکە ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازەکەی ترەمپ نیشان دا.

هەروەها لای خۆیەوە، ترەمپ پێشوازی لە وەڵامی حەماس کرد و داوای لە ئیسرائیل کرد دەستبەجێ هێرشەکانی بۆ سەر غەززە ڕابگرێت

دووشەممە 29ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕازی بووە، ئێستا کاتی حەماس بە پلانەکە ڕازی بێت، هەروەها هۆشداریشی دابوو ئەگەر ئەو گرووپە وەڵامێکی ئەرێنی نەداتەوە، ئەوا دەرەنجامێکی خراپ چاوەڕێیان دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment