بەرگری ڕووسیا: زیاتر لە 250 درۆنی ئۆکرانیمان خستەخوارەوە

ئۆکرانیا هێرشێکی درۆنی بەرفراوانی کردە سەر ڕووسیا، کە بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا 251 درۆنیان خستووەتە خوارەوە.
دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو ئۆکرانیا هێرشێکی درۆنی بەرفراوانی کردە سەر ڕووسیا، بەڵام لە ئەنجامدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ڕووسیا توانی 251 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئۆکرانی بخاتە خوارەوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ڕووسیا توانییویانە 40 درۆن لە ئاسمانی کریمیا و 62 درۆنی دیکەش لە ئاسمانی دەریای ڕەشدا بخەنە خوارەوە، ئەمە جگە لە دەیان درۆنی دیکە کە لە ئاسمانی کورسک و ناوچەی بێلگرود خراونەتە خوارەوە.
ئۆکرانیا هێرشەکانی بۆسەر ڕووسیا چڕ کردووەتەوە و زۆرجار ژێرخانی وزە و پاڵاوگەکانی نەوتی ئەو وڵاتە بۆردومان دەکات.
جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی 2022ەوە، دەستیپێکرد، دواتر ڕووسیا چەند ناوچەیەکی ئۆکرانیای داگیر کرد و تاوەکوو ئێستا دەیان هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون.