سیستانی دەستێوەردان لە دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەت ڕەتدەکاتەوە

سیستانی دەستێوەردان لە دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، "کاری من نییە". 

ڕائید مالیكی، ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی لیستێکیان ئامادە کردووە و ناوی نۆ کاندیدی تێدایە بۆ پۆستی سەرۆکی نوێی حکوومەت. ئەوان ویستوویانە لە ڕێگەی نێوەندگیریی چەندان کەسایەتیی سیاسی و ئایینییەوە، پەیامێک ئاراستەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕای ئەو لەسەر کاندیدەکان.

بە گوێرەی زانیارییەکان، مەرجەعییەت ئەو داواکارییەی ڕەتکردووەتەوە و نایەوێت دەست وەربداتە پرسی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق. 

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سیستانی جەختی کردووەتەوە ئەرکی دیاریکردنی سەرۆکی نوێی حکوومەتی عێراق پەیوەندیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە و ئەو دەستوەردانی تێدا ناکات.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 251ـی خۆی لە نووسینگەی هادی عامری ئەنجام دا.

لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەبارەی دانانی پێوەر و بنەما سەرەکییەکان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کرا، هاوکات میکانیزمی دەستنیشانکردنی ئەو کەسایەتییە لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا تاوتوێ کرا. 

سەرکردەکانی چوارچێوەکە جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە پرۆسەکە پشت بە پێوەری نیشتمانیی ڕوون ببەستێت کە تێیدا لێهاتوویی، دەستپاکیی و توانای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەبەرچاو بگیرێت، بە شێوەیەک بتوانێت ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتوو ببێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بەشداربووان گوێبیستی ڕاپۆرتی ئەو دوو لیژنە سەرکردایەتییە بوون کە لە کۆبوونەوەی پێشوودا پێکیان هێنابوون، لەم چوارچێوەیەدا بڕیار درا کە لیژنەکان لە کارەکانیان بەردەوام بن بۆ هەڵسەنگاندنی کاندیدەکان و گفتوگۆکردن لەسەر شایستە نیشتمانییەکان.

 
 
Fly Erbil Advertisment