ئوسترالیا سزای دارایی و قەدەغەی گەشتکردنی بەسەر چوار بەرپرسی باڵای تاڵیباندا سەپاند

ئەمڕۆ شەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئوسترالیا سزای دارایی و قەدەغەی گەشتکردنی بەسەر چوار بەرپرسی حکوومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا سەپاند، پاساوەکەی ئوستراڵیا خراپتربوونی دۆخی مافەکانی مرۆڤە لە وڵاتەدا، بەتایبەتی بۆ ئافرەتان.

پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی، "بەرپرسانی تاڵیبان تێوەگلاون لە سەرکوتکردنی ژنان و کچان و تێکدانی حوکمڕانیەکی باش و سەروەری یاسا."

ئاماژەی بەوەشکرد، سزاکان سێ وەزیری تاڵیبان و سەرۆکی دادوەری دەگرێتەوە، کە تۆمەتبارن بە سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی کچان و ژنان بۆ خوێندن و کار و ئازادی هاتوچۆ و توانای بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا.

وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا جەختیشی کردەوە، "ئەم ڕێوشوێنانە لە چوارچێوەیەکی کارەکانی حکوومەتی ئوسترالیایە، کە ڕێگەی داوە سزا و قەدەغەی گەشتکردن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بسەپێنێت بۆ زیاتر فشارکردن لەسەر تاڵیبان."

لە بەرامبەردا تاڵیبان ڕایگەیاندووە، "بەپێی یاسای ئیسلامی و داب و نەریتی ناوخۆیی، ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان دەگرن."

لە مانگی ئابی 2021، دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، بزووتنەوەی تاڵیبان کۆتاییان بە دەسەڵاتی حەمید کارەزای سەرۆکی ئەفغانستان هێنا و دەسەڵاتیان گرتە دەست.

ئوسترالیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی لە مانگی ئابی 2021، هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە، کە مەشق و ڕاهێنانی بە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان دەکرد و بۆ ماوەی دوو دەیە شەڕی تاڵیبانیان کرد.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment