بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕین: دەرزی گەشە کە لە بەغداوە دێت بەشی منداڵان ناکات

ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، د. مەحموود محەممەد ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕینی فێرکاری بۆ منداڵان لە هەولێر، ڕایگەیاند، بڕی ئەو دەرزی گەشەیەی ساڵانە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، بەشی پێداویستی نەخۆشەکان ناکات و ئەمەش کێشە و قەرەباڵغی دروستکردووە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، د. مەحموود محەممەد گوتی: "ئەمڕۆ دەرزی گەشە لە نەخۆشخانەکەماندا لە منداڵان درا، کە ساڵانە لە بەغداوە بۆ کوردستان دەنێردرێت."
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێمە نزیکەی سێ هەزار فایل و نەخۆشمان هەیە، بەڵام حکوومەتی بەغدا هەندێکجار سێ مانگ جارێک تەنیا 200 دەرزی دەنێرێت، کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک بەشی ئەو ڕێژە زۆرەی نەخۆش ناکات و تووشی گرفتی قەرەباڵغیمان دەکاتەوە."
دەشڵێت: ئەو دەرزییە بۆ ئەو منداڵانە بەکاردێت کە تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 15 ساڵیدایە و کێشەی گەشەیان هەیە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕاپەڕین ڕوونیکردەوە، لە ڕابردوودا بەغدا ڕێژەیەکی زۆر زیاتری دەنارد دەگەیشتە هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دەرزی، "بەڵام ئێستا ڕێژەکە زۆر کەمە و بەشی ئەو هەموو نەخۆشە ناکات."
د. مەحموود محەممەد گوتیشی: "بەغدا هەروەکو مووچەکە، کەی ئارەزوویان لێبوو دەینێرن و کەی ئارەزوویان لێ نەبوو بەو شێوەیە [کەم] دەینێرن."