هەشتی ئەم مانگە دوا وادەیە بۆ ئازادکردنی دەمیرتاش

هەشتی ئەم مانگە بڕیاری دادگەی مافەکانی ئەورووپا دەربارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کۆتایی دێت و سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکریش داوای ئازادکردنی دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر لە نووسراوێکدا داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات، لە نووسراوەکە دا هاتووە، دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا داوایکردووە لە هەشتی ئەم مانگە دەمیرتاش ئازاد بکرێت.
سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر ئاشکرای کردووە، دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەورووپا ئاماژەی بەوە کردووە، دەمیرتاش بەهۆکای سیاسی زیندانی کراوە ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تاکە.
هەروەها باسی لەوە کردووە، مۆڵەتی دادگای ئەورووپا بۆ تورکیا هەشتی ئەم مانگە کۆتایی دێت و پێویستە دوای ئەم وادەیە پێویستە دەمیرتاش بەبی مەرج ئازادبکرێت.
لە 4ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016، سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاسەرۆکانی پێشووی هەدەپە بە تۆمەتی تێوەگلانییان لە دۆسییەی کۆبانێ دەستگیر کران.
دۆسیەی کۆبانێ دوای ئەوەی دەستیپێکرد، کاتێک لە تشرینی یەکەمی 2014دا لە باکووری کوردستان خۆپیشاندانی فراوان بۆ پشتیوانی لە شاری کۆبانێ بەڕێوەچوون و توندوتیژی لێ کەوتەوە، لەسەر دۆسییەکە سەڵلاحەددین دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانیکردن سزادرا و فیگەن یوکسەکداغ 32 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
هەرچەندە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا سێ جار داوای ئازادکردنی سەڵلاحەددین دەمیرتاشی کردووە، بەڵام بڕیارەکە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی و دامەزراندنی کۆمیسۆنی پەرلەمانی بۆ بەروە پێش بردنی پرۆسەکە، بەشێک لە زیاندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن، کە لەنێوییاندا سەڵلاحەددین دەمیرتاش لەخۆ دەگرێت.