نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر: مانگی ڕابردوو 88 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار تۆمارکراون

مانگی ڕابردوو حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک لە سنووری هەولێر زیادیکردووە، بەڕێوەبەری کاروباری تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکات، گۆڕانی کەشو هەوا هۆکاری سەرەکین.
نەخۆشخانەی ڕزگاری فێرکاری هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئاماری مانگی ئەیلوولی ئەمساڵی بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئاماری نەخۆشخانەکە، 86 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک تۆمارکراون و 80 حاڵەتی گەستنی سەگ و دوو حاڵەتی پێوەدانی مار هەن.
لەسەر ئەم بابەتە، بێریڤان عەدنان، بەڕێوەبەری کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ساڵانە لە سنووری پارێزگای هەولێرحاڵەتی پێوەدانی دووپشک و مار دەگاتە هەزار و 200 حاڵەت، ئەو ئامارەی تۆمارکراوە، زیاتر لە دەووربەری هەولێرە، بەڵام جێگەی مەترسی نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، گۆڕانی کەشوهەوا هۆکارەی سەرەکی زۆربوونی ئەو حاڵەتانەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆری ڤاکسین هەیە، بەڵام هەندێکجار دەبێتە هۆی مەترسی ئەگەر ئەو کەسە درەنگ بگەیەندرێتە نەخۆشخانە و چارەسەر وەربگرێت.
لە هەرێمی کوردستان لە وەرزی بەهاردا حاڵەتەکانی پێوەدانی دووپشک و مار ساڵانە زیاد دەبێت و ساڵی رابردوو لە ئاکرێ و چەند ناوچەیەکی دیکەش بەهۆی پێوەدانی دووپشک چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستدا.