هەندرێن وەرتی: بەرزبوونەوەی بەهای زێڕ پەیوەستە بە ئەگەری جەنگی ڕووسیا و ناتۆ

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت: چەندە کێشە و ئاڵۆزییەکانی جیهان فراوانتر بن، بەهای زێڕ بەرزتر دەبێتەوە، دەشڵێت: وڵاتان و خەڵکیش، ڕوویان لە کڕینی زێڕ کردووە.
دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: یەکەمجارە بەهای زێڕ بگاتە ئەو ئاستە کە نرخی یەک مسقاڵی عەیار(21) بووەتە 800 هەزار دینار و یەک مسقاڵی عەیار(22)یش بووەتە (838) هەزار دینار، بەهای مسقاڵێک زێڕی عەیار(18)ش، بووەتە(685) هەزار دینار، بەهای یەک ئۆنسی زێڕیش گەیشتووەتە3 هەزار و 947 دۆلار.
هەندرێن وەرتی پێی وابوو، پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژانی ئەم هەفتەیە تاکوو ڕۆژی هەینی و بڕیارەکانی دابەزینی ڕێژەی سوو لە ئەمەریکا، بەهای زێڕ بەرزتر دەکەنەوە، دەشڵێت: وڵاتانی جیهان و بانکە بازرگانییەکان و خەڵکی ئاسایی، ڕوویان لە کڕینی زێڕ کردووە، بەتایبەتیش کە دەزانن ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی جەنگی نێوان ڕووسیا و ناتۆ زیاتر دەبن.
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر دەڵێت: داخرانی حکوومەتی ئەمەریکا و دابەزینی ڕێژەی سووی بانکی لەو وڵاتە، بەهای زێڕی لە جیهان بەرزکردەوە، دەشڵێت: هەر کاتێک گرژی و ئاڵۆزییەکانی جیهان کەم بێتەوە، بەهای زێڕیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت و ئەگەری نزمبوونەوەی بەهاکەی هەیە.
