سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24: تاوەکوو ئێستا بەغدا داوای داهاتی نانەوتی نەکردووە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە باس لە داهاتی نانەوتی دەکرێت، دەشڵێت، تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق داوای داهاتی نانەوتی نەکردووە و بڕیاری لەسەر تەمویلی مووچەی مانگی هەشتی نەداوە

دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکەینەوە کە لە بەشێک لە میدیاکان باس لە داهاتی نانەوتی دەکرێت، لە وانیش ئامادە نەبوونی داهاتی نانەوتی پارێزگای سلێمانی و ناردنی 120 ملیار دینار پێش وەختە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، دووپاتیشی کردەوە ئەو هەواڵانە هیچیان ڕاست نین.

ڕوونیشی کردەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە تاوەکوو ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق داوای داهاتی نانەوتی نەکردووە و بڕیاری لەسەر تەمویلی مووچەی مانگی هەشتی نەداوە. گوتیشی: هەر کاتێک وەزارەتی دارایی عێراق داوای داهاتی نانەوتی کرد، ئەوا ئێمەش هەموو هەوڵێک دەدین بۆ ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژدا داهاتی نانەوتی کۆبکەینەوە و بینێرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە ئەوەش کرد، هەر کاتێک بەغدا داوای داهاتی نانەوتی کردبێت، ئێمە لە کاتی خۆیدا ناردوومانە.

هاوکات ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی مووچەکانی فەرمانبەران و مووچەخۆران ئامادەین پشکی گەنجینەی حکوومەتی فیدراڵ بۆ مانگەکانی 8 و 9 بدەین.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق بڕیاری پێدانی مووچەکانی ئەو دوو مانگەی نەداوە. گوتیشی: دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بۆیە مووچەکان ڕەوانە ناکرێت لەبەر ئەوەیە حکوومەتی هەرێم داهاتی نانەوتی نانێرێت، بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین، هەرکات ڕێکارەکانی مووچەی مانگەکانی 8 و 9 گیرایەبەر، ئێمە ئامادەین داهاتی نانەوتی ڕادەست بکەین.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاشیگەیاندبوو، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاردرا ئێمە نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بنێرین، کە نامەکە واژۆی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لەسەرە، کە تێیدا داوامان کردووە پشت بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەتی نەبەسترێت، چونکە بنەمای پابەندی بۆ هەردوولامان تێدا نییە.

ئومێد سەباح دەشڵێت، بژاردەی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی حکوومی کە چۆن لەسەر نەوت ڕیککەوتین، بەهەمان شێوە لەسەر داهاتە ناوخۆییەکانیش ڕێکبکەوین. بۆیە هیوادارین حکوومەتی فیدرال بەدەم داواکارییەکەوە بێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment