لە ئێران نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور دوو هێندە بەرزبووەوە

تەنیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نرخی یەک کیلۆ گۆشتی سوور 250 هەزار تومەن زیادی کردووە؛ لە کاتێکدا یەک کیلۆ گۆشتی مەڕ لە سەربڕخانەکاندا بە 830 هەزار تومەن دەفرۆشرێت.
ئەکبەر میرئەحمەدی، چاودێری بازاڕی گۆشت و بەرهەمە پرۆتینییەکان دەڵێت: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نرخی کیلۆیەک گۆشت لە 500 هەزار تومەنەوە بۆ یەک ملیۆن تومەن بەرز بووەتەوە، واتە دوو بەرانبەر زیادی کردووە. لەگەڵ دەستپێکی سەپاندنەوەی سزاکانیشدا، ڕۆژ دوای ڕۆژ، وەک هەموو کاڵایەکی دیکەی پێویست، نرخی گۆشتیش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
میرئەحمەدی ڕاشیگەیاند "هەر کەسە و ئۆباڵی گرانیی گۆشت دەخاتە ئەستۆی کەسان و لایەنی جیاواز، گۆشتفرۆشان دەڵێن، فرۆشیارانی ئالیک بەرپرسی یەکەمی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتن، ئەوان لە ماوەیەکی کەمدا نرخی ئالیکیان سێ بەرانبەر زیاد کردووە و بیانووشیان بۆ ئەوە، وشکەساڵی و کرێی گواستنەوە و تێچووەکانی دیکەیە".
ئالیکفرۆشانیش دەڵێن "هاوردەکارانی گۆشت لە دەرەوەی وڵات، ئەو کەشتییانەی بارە گۆشتەکانیان هەڵگرتووە، بۆ چەندان ڕۆژ لە ناو دەریادا ڕادەگرن، بۆ ئەوەی قەیرانی کەمیی گۆشت لە بازاڕدا سەرهەڵبدات و ئەمانیش بە ئارەزووی خۆیان بە گران بیفرۆشن."
میرئەحمەدی، گوتیشی: بۆ هاووڵاتی ئەوە گرنگ نییە، کێ لە گرانبوونی نرخی گۆشت بەرپرسە، ئەوە گرنگە چۆن بەو داهاتە کەمەوە بتوانێت لانیکەم، هەفتەی جارێک ژەمێک گۆشت دەرخواردی خێزاکەی بدات.