سەرۆکی حکوومەت 29 قوتابخانە دەکاتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەیەک لە هەولێر دەکاتەوە کە یەکێکە لەو 29 باڵەخانەی باخچە و قوتابخانەی نوێ (4 باخچە و 25 قوتابخانە)ـی حکوومی نوێ.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە هەرێمی کوردستان شەش هەزار و 844 قوتابخانەی حکوومی و 594 قوتابخانەی ناحکوومی هەن، لە نێویاندا 28 قوتابخانەی نوێ دروستکراون و دروستکردنی باڵەخانەی 30 قوتابخانەی دیکەش لە جێبەجێکردندایە.
هەروەها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان، ئێستا وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارگەیەکی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ دروستکردنی کورسی خوێندن (رحلە).
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بایەخدانی زیاتر بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن، گرنگییەکی زۆری بە ژێرخانی پەروەردەیی داوە، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا، دەیان قوتابخانەی نوێ دروستکراون و سەدان قوتابخانەش نۆژەنکراوەتەوە، هەروەها زانیاری زیاتر لە دوو ملیۆن مامۆستا و قوتابی بە دیجیتاڵی کردووە.