لە پێشانگەی هایتێکس 20 خاوەنکاری بچووکی ناوخۆیی نوێترین تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردیان نمایش کردووە

کۆمەڵێک داهێنەرن، هەرچەندە بە تەمەن بچووکن، بەڵام داهێنانەکانیان گەورەیە، بەشدارییان لە شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هایتێکسدا کردووە، لە بواری تەکنەلۆژیا و پرۆگرام و شاری زیرەکدا بەرهەمیان هەبووە.

تاهیر خالید، داهێنەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم پڕۆژەیەی ئێمە ناوی 'Smart City'یە. ئەم پڕۆژەیەمان بۆ داهاتووە، بۆ نموونە کاتێک بوومەلەرزە ڕوودەدات، دەنگێک دەردەکات و کاتێک ئاگرکەوتنەوەش ڕوودەدات دەنگێکی دیکە دەردەکات، هەروەها پردێکمان دروستکردووە کە کاتێک کەشتییەک دێت بەرز دەبێتەوە و دواتر دادەخرێتەوە، لە مۆزەخانەکەشدا ئامێری هەستەوەری جوڵە'IR' مان داناوە، کاتێک کەسێک دەچێتە ژوورەوە، دەرگاکە دەکرێتەوە و دەنگێک دەردەکات وەک ئاگادارکەرەوە."
لە شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی هایتێکسدا، 122 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن، لەگەڵ 20 خاوەنکاری بچووکی ناوخۆیی، نوێترین تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکردیان نمایش کردووە، بۆ ئەوەی لای هاوڵاتیان ئاشنا بکرێت، هەرێمی کوردستانیش شانبەشانی جیهان هەنگاو لە بواری تەکنەلۆژیادا دەنێت.

فەراز بەهرۆز، بەڕێوەبەری کۆمپانیا گوتی: "ئێمە لە پێشانگەکەدا کیۆسکێکی زیرەکی دەستکردمان داناوە کە قسە لەگەڵ مرۆڤ دەکات و بە هەموو زمانێک وەڵام دەداتەوە، هەروەها هۆلۆگرامێکمان داناوە کە بە زیرەکیی دەستکردەوە بەستراوەتەوە و دەتوانێت بە هەموو زمانێک قسە بکات، تەنانەت 'کوردستان24' یش دەناسێتەوە و دەتوانن پرسیاری لێ بکەن، ئێمە سەرنجمان لەسەر هەموو بابەتەکانی زیرەکیی دەستکردە، دروستکردنی یاریدەدەری دەنگی بە زمانی کوردی یەکەم هەنگاومانە، بۆ ئەوەی بتوانین باشتر و باشتر پەرەی پێ بدەین."

سالار ساڵح، خاوەنی کۆمپانیای کامێرای چاودێری ئاماژەی دا، "ئەمڕۆ لە بواری ئاسایشدا، زیرەکیی دەستکرد هاتووەتە ناو ئەم بوارەوە بە شێوەیەک کە دەتوانیت تەنانەت هەڵسوکەوتی کەسەکانیش دەستنیشان بکەیت، بۆ نموونە ئەو کەسەی کە کارێکی ئەنجام داوە، جلوبەرگی چۆن بووە، باڵای چەند بووە، شێوەی چۆن بووە، تەنیا ئەو زانیاریانە دەخەیتە ناو سیستمەکەوە و لەو ناوچەیەی کە دیاری دەکەیت، ئەو کەسە لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ ڕۆیشتووە، چەند کەسی لەو شێوەیە هەبوون، هەمووی نیشان دەدات و ڕێڕەوی هاتووچۆکەشی بە کات و ساتەوە نیشان دەدات."
پێشانگەکە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت زۆرترین سەردانیکەری هەبێت. پێشانگەی نێودەوڵەتی هایتێکس بووەتە پردێک لەنێوان بیرۆکە و نوێترین داهێنانی گەنجان و نیشاندان و نمایشکردنی بەهرەکانیان، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆژیا و زیرەکیی دەستکرددا، بە ئامانجی ئەوەی گەنجان بەردەوام بن لە داهێنان و بیرۆکەکانیان بکەن بە کردار.

 
Fly Erbil Advertisment