دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی 29 قوتابخانە و باخچەی ساوایان

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پشتیوانی بەردەوامیی حکوومەت بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە دەکاتەوە و دەڵێت "داهاتووی وڵات لە دەستی ئەمیندایە."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 08ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوتابخانەی بنەڕەتيی (گوندی ئارام)ی لە شاری هەولێر كردەوە، كە یەکێکە لەو 29 باڵەخانەی باخچە و قوتابخانە تازانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شارەكاندا دروستکراون.

لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا، سەرۆكی حكوومەت سەرجەم بەشەكانی قوتابخانەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە، گفتوگۆی لەگەڵ مامۆستایان و قوتابیيان كرد و ئامادەی هەندێك لە چالاكییەكانی نێو قوتابخانەكە بوو.

دواتر لە گوتارێكدا كە لە بەردەم مامۆستایانی قوتابخانەكە پێشكەشی كرد، دڵخۆشی بە دروستكردنی قوتابخانەكە بەو ئاستە بەرزە دەربڕی و هیوای خواست کەرتی تایبەت بەردەوام بێت لە یارمەتیدانی وەزارەتی پەروەردە و قوتابخانەی هاوشێوە دروست بكەن.

 

دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان 

بەڕێزان من زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ ئامادەم لێرە بۆ كردنەوەی ئەم قوتابخانەیە، لەگەڵ چەندین قوتابخانەی تر كە سەرجەمیان دەبێتە 29 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە سەرانسەری كوردستان، بەڵام ئەمڕۆ وەك نموونە ئێرەیان هەڵبژاردووە كە بێین سەردانتان بكەین. پێشەكی پیرۆزبایی لە قوتابییە خۆشەویستەكان و مامۆستایانی ئازیز دەكەم، پیرۆزباییان لێ دەكەم، دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ماندووبوونیان، بۆ پشوودرێژییان و بۆ ئەو خزمەتەی كە دەیكەن بۆ نەوەی داهاتووی گەلەكەمان.

بەڕاستی ئەوەی ئەمڕۆ بینیم جێی دڵخۆشییەكی گەورەبوو كە قوتابخانەیەك بەم ئاستە جوان و بەرزە دروست كراوە، جێی خۆیەتی من سوپاسی كاك شوان زراری بكەم، كە ئەركی دروستكردنی ئەم قوتابخانەیەی كێشاوە، هیوادارم نموونەی زۆر بێت، برادەرانی تر، سەرمایەدارانی تر، ئەوانیش بتوانن هاوشێوەی ئەم قوتابخانەیە، یارمەتیی وەزارەتی پەروەردە بدەن، بۆ ئەوەی قوتابخانەی هاوشێوە لە سەرانسەری كوردستان دروست بكرێت.

جێی دڵخۆشی بوو كە بینیم هەم قوتابییەكان زۆر دڵخۆشن، هەم مامۆستایان دڵخۆشن و ئاستیان زۆر بەرزە، بەو رەوشتە بەرزە ئێستا من زۆر زۆر دڵنیام كە داهاتووی وڵاتەكەمان لە دەستێكی ئەمیندایە، ئەو قوتابییە چاوگەشانە، ئومێدی زۆرم پێیانە كە دەتوانن دەستكەوتی زۆر گەورەتر هەم بۆ خۆیان و هەم وڵاتەكەیان بێتە دەست.
من جارێكی تر سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەكەم بۆ ئەو ئەرك و ماندووبوونەی كە كێشاویانە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە سەرانسەری كوردستان.

قسەمان دەكرد كە ئایا چەند قوتابخانە لە هەرێمی كوردستان لەم ئاستەدایە؟ دیارە هەندێك قوتابخانەی ئێمە پێویستيیان بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەی نوێتریشە، بەڵام لەم ماوە كورتەدا توانیومانە كە ئاستی قوتابخانەكان بە جۆرێكی زۆر زۆر باش بەرز بكەینەوە، نەك تەنیا وەكوو باڵاخانە و قوتابخانە، بەڵكوو سیستەمی پەروەردە و فێركردنیش و خوێندن لە جۆری دیجیتاڵكردن و (ئی پەروەردە)، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری كردووە و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیكردنی وەزارەت بۆ پێشخستنی كەرتی خوێندن و پەروەردە.
جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، پیرۆزباییتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن. زۆر زۆر سوپاسیش جارێكی تر بۆ مامۆستایانی بەڕێز و خۆشەویست.

 

 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment