محەممەد شوکری: لە داهاتوویەکی نزیک دا خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بە ئەلیکترۆنی دەکرێن

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان وەبەرهێنانە لە کەرتی تەکنۆلۆژیا، هاوکات هەر کۆمپانییایەکی بیانی و ناوخۆی بییەوێت سوود لە تەکنۆلۆژیا وەرگرێت و وەبەرهێنانی تێیدا بکات، ئەوا پشتیوانی تەواوی دەکەن، دەشڵێت، لە داهاتوویەکی نزیک دا بەشی هەرە زۆری خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بە ئەلیکترۆنی دەکرێن.

چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ کوردستان24 باسی لە وەبەرهێنان لە تەکنۆلۆژیا لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی:" وەبەرهێنان لە تەکنۆلۆژیا یەکێکە لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات هەر کەرتێک کە وەبەرهێنان لە تەکنۆلۆژیا بکات و سوودی لێ وەربگرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هاوکارییەک پێشکەش دەکات.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسی لە سوود وەرگرتنی تەکنۆلۆژیا لە کەرتی کشتوکاڵی کرد و ئاماژەی دا، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی بەرهەمیان زۆرە و بۆ ناوخۆ بەکاربهێنرێت یان لە بواری دیکەدا سوودی لێ وەربگیرێت، پێویستت بە تەکنۆلۆژیایی نوێی دەبێت.

هاوکات لە کەرتی پەروەردە، زۆربەی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان سوود لە تەکنۆلۆژیا دەبینن، دەشڵێت: هەوڵدەدرێت قوتابییەکان لە قۆناغەکانی سەرەتایی ئاشنای تەکنۆلۆژیا بکرێن بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی داهاتوو بتوانن سوودی لێ وەربگرن.

محەممەد شوکری ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە هەوڵدەدات حکوومەتێکی ئەلیکترۆنی دروست بکات، لە داهاتوویەکی نزیک دا بەشی هەرە زۆری خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بە ئەلیکترۆنی دەکرێن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: حکوومەت هاوکاری و پاڵپشتییەکی تەواوی ئەو کۆمپانیا بیانییانە دەکات کە دەیانەوێت وەبەرهێنانی لە تەکنۆلۆژیا لە هەرێمی کوردستان بکات, باسی لەوەش کرد، پێشتر کۆمپانیای گووگڵ و کۆمپانیاکانی دیکە ئامادەیی خۆیان دامەزراندنی ناوەندەکانیان لە هەرێمی کوردستان پیشان داوە.

هاوکات ئاماژەشی دا، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر پرۆژەیەک کە جێبەجێ دەکرێت دەبێت بە ڕێژەی %75 دەستی کار بۆ ناوخۆی بڕەخسێنێت، بەڵام ئەگەر پرۆژەکە پێویستی بە شارەزا و پسپۆڕی بیانی بوو تاوەکوو ماوەیەکی دیاری کراوە، تاوەکوو هاووڵاتییانی کوردستان شارەزاییان پەیدا بێت، مۆڵەت بە پرۆژەکە دەدەین لە خوار ئەو ڕێژەی جێبەجێ بکرێت.

دەشڵێت: چەند مۆڵەتێکمان بەو کۆمپانیا ناوخۆیانە داوە کە وەبەرهێنان لە بانکی دیجیتاڵی دەکەن و هاوکارییان دەکەین، هاوکات هەر کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بیەوێت سوود لە تەکنۆلۆژیا وەربگریت، ئێمە پشتگیری دەکەین.

 
Fly Erbil Advertisment