وەزیری سامانە سروشتییەکان: دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت لە دەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دایە، هاوکات لەو کاتەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستی پێ کردووە نزیکەی دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە، هاوکات دەشڵێت لە 10 ڕۆژی داهاتوو دابەشکردنی نەوتی سپی دەست پێ دەکات

چوارشەممە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوت: تاوەکوو ئەمڕۆ زیاتر لە دوو ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە، بە شێوەیەک لە 11 ڕۆژی ڕابردوو، ڕۆژانە تێکڕایی نزیکەی 190 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ لە بەندەری جەیهان کراوە، کە هەرێمی کوردستان توانای هەیە ڕۆژانە تاوەکوو 800 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێت.

دەشڵێت: "ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، کە بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی هەیە هەرێمی کوردستان 50 هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی بەکاری دەهێنێت.

لەبارەی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتە، وەزیری سامانە سروشتییەکان باسی لەوە کرد، ئەو بڕە نەوتە لە هەرێمی کوردستان وەک نەوتی ڕەش بۆ کێڵگەکانی کارەبا، بەنزین، بەرهەم هێنانی ڕێژەیەکی کەمی نەوتی سپی، بەکار دەهێنرێت، ئەگەر ئەو ڕێژەیە وەنەگیرابا، کاریگەری لە هەموو سێکتەرەکان دەبوو، کە بە تەواوی بەشی پێداویستییەکان ناکات، لە کاتێکدا حکوومەتی عێراق نزیکەی 800 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکار دەهێنێت.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی عێراق بەڵێنی داوە، ئەگەر ئەو ڕێژەی نەوتە بەشی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێم نەکرد، ئەوا 15 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە دەداتە هەرێم.

لەبارەی ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی هەناردەکردنی نەوت ڕاگیرابوو گوتی: دوای ئەوە کۆمپانیای سۆمۆ لە 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئێمەی ئاگادار کردەوە کە، هەندێک لە کۆگاکانی بەندەری جەیهان پڕ بووبوون، هەناردەکردنی نەوت بۆ ماوەیەک 10 کاتژمێر ڕاگیرا، هەروەها لە 6ـی تشرینی یەکەم داوای کرد ڕێژەی هەناردەکردن کەم بکەن چونکە، دووبارە کۆگاکان پڕ بووبوون.

وەزیری سامانە سروشتییەکان، ئەوەشی خستەڕوو، پڕبوونی کۆگاکان حاڵەتێکی ئاساییە، هاوکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەنگاویان ناوە و داوایان لە وەزارەتی نەوت کردووە خشتەیەک باشتر لەگەڵ تانکەرەکان ڕێکبخەن.

کەمال محەممەد لەبارەی بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت ئاماژەشی دا، کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕووی بەڕێوەبردن، داتا و ڕێژە، گواستنەوە تاوەکوو بەندەری جەیهان هەر وەکوو پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەربدرێت، هاوکات ئەرکی کۆمپانیای سۆمۆ تەنیا بەبازاڕکردنی نەوتەی هەرێمە.

گوتیشی: "بە ڕێژەی 65% ئەو مووچەی حکوومەتی عێراق دەداتە هەرێمی کوردستان، لە داهاتی نەوتی هەرێم پێکهاتووە." دەشڵێت: بەشێک لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ حکوومەتی عێراق دەچێت، کە پێشتر بۆ ئێمە بوو؛ هاوکات داهاتی بەشی کۆمپانیاکانی دیکە دەچێتە هەژمارێکی تایبەت و لە کۆتایی مانگ بە ڕەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی بوارەی نەوت پشکی خۆیان دەبەن.

هەروەها لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەشی دا، حکوومەتی عێراق سێ بیانوویان هەبووە ئەوانیش، تەوتین، کە بە پرۆژەی هەژماری من توانرا ئەوان ڕازی بکەن، هەروەها داهاتی نانەوتی، کە تێگەیشتنێکی باش بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە، هاوکات کێشەی سەرەکی هەناردەکردنی نەوت بوو، کە ئەوەش چارەسەر کرا.

لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی محەممەد کەمال گوتی: لە 10ڕۆژی داهاتوو، دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەکان دەست پێ دەکات.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕاشیگەیاند، "30 مانگ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی سکاڵای حکوومەتی عێراق ڕاگیرا، کە زیانێکی گەورەی ماددی بەر هەر سێ لایەنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق کۆمپانیاکانی بواری نەوت گەیشتبوو، هەروەها ئێستا بەو ڕێککەوتنەی کراوە کە ئەمەریکا ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری هەبوو، لە سوودی هەر سێ لایەن دایە."

دەشڵێت: ڕێککەوتنەکە تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەمی 2025، بەڵام دوای ئەو وادەیەش هەناردەکردنی نەوت بەردەوام دەبێت، تاوەکوو ڕێککەوتنێکی نوێ دەکرێت.

لەبارەی سوودی تورکیا لەو ڕێککەوتنە محەممەد کەمال گوتی: ئەگەر نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕی نەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت، ئەوا بۆ هەر بەرمیلێک 1.29 دۆلار لە وەزارەتی نەوتی عێراق وەردەگرێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment