سوپای ئیسرائیل ڕێگری لە گەڕانەوەی هاووڵاتییان بۆ باکووری غەززە دەکات

سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس و خۆشی و ئاهەنگگێڕان باڵی بەسەر کەرتی غەززەدا کێشاوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دەداتە دانیشتووانی کەرتەکە و داوایان لێدەکات لە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی باکوور خۆیان بەدوور بگرن.

ئەڤیغای ئەدرەی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ناوچەی باکووری کەرتی غەززە هێشتا وەک ناوچەیەکی شەڕی مەترسیدار هەژمار دەکرێت." جەختی کردەوە، گەمارۆی سەر شاری غەززە بەردەوامە و گەڕانەوە بۆی "لە ڕادەبەدەر مەترسیدارە."

گوتەبێژەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد: "بۆ سەلامەتیی خۆتان، دووربکەونەوە لە گەڕانەوە بۆ باکوور یان نزیکبوونەوە لەو ناوچانەی هێزەکانی ئیسرائیل تێیدا بڵاوەیان پێکراوە، تا بەفەرمی ڕێنمایی دەرچوونمان پێدەدرێت."

سوپای ئیسرائیل لەلای خۆیەوە پێشوازی لە ڕێککەوتنەکە کردووە و ئامادەکارییەکانی بۆ وەرگرتنەوەی بارمتەکان دەستپێکردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر ئامادەباشی تەواو کردووەتەوە. سەرۆکی ئەرکانی سوپا فەرمانی بە هەموو هێزەکان کردووە، "ئامادەبن بۆ هەر سیناریۆیەک."

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە شەپۆلێکی ئاهەنگگێڕان باشووری کەرتی غەززە و شاری تەلئەڤیڤی گرتووەتەوە، ئەمەش دوای دوو ساڵ شەڕی خوێناوی، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 68 هەزار کەس لە غەززە.

ڕێککەوتنەکە شەوی ڕابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕاگەیەندرا، کە ئاماژەی بەوەدا وڵاتەکەی "بەشێک دەبێت" لە پرۆسەی ئاشتیپارێزی و ئاوەدانکردنەوەی غەززە.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە ماوەی ڕابردوودا لە شاری شەرم شێخی میسر و بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر، تورکیا و ئەمەریکا بەڕێوەچوون، بووە هۆی گەیشتن بە قۆناغی یەکەمی ئەو پلانەی ترەمپ لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ڕایگەیاندبوو.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment