فلۆرێنتینۆ پێرێز بە تەنیا مایەوە؛ بارسێلۆنا لە سوپەرلیگ دەکشێتەوە و پڕۆژەکە دەمرێت

لاپۆرتا پشتی لە پێرێز کرد و گەڕایەوە لای خلێفی

بارسێلۆنا بڕیاریداوە لە سوپەرلیگ بکشێتەوە و خوان لاپۆرتا پشتی لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کردووە و ئێستا پەیوەندیی لەگەڵ ناسڕ خلێفی بەهێزە، ریال مەدرید وەکو خاوەنی پڕۆژەکە تەنیا هەر خۆی لە سوپەرلیگ دەمێنێتەوە و تەواوی یانەکانی ئەوروپا لێی پەشیمان بوونەوە.

رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید یەکەم لێدانی کوشندەی بەرکەوت و خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بڕیاریداوە لە پڕۆژەی سوپەرلیگ بچێتە دەرەوە و چیدیکە پشتیوانی پڕۆژەکە نەکات، لەکاتێکدا ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەیەکەوە دەستیان بەم پڕۆژەیە کرد و سەرەڕای کشانەوەی تەواوی یانەکانی دیکە، بەڵام ئەوان هەر لەو پڕۆژەیە مابوونەوە.

رادیۆی کادێنا کۆپێی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا بڕیاری خۆیداوە و دەستبەرداری پڕۆژەی سوپەرلیگ بووە، بەڵام بەهۆی سزای دارایی کشانەوەکەی ئامادە نییە بڕیارەکەی رابگەیەنێت، بۆیە هەر بە بێدەنگی لە پڕۆژەکە دێتە دەرەوە و پەیوەندیی خۆی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەهێزتر دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 09ـی ئۆکتۆبەری 2025 خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا لە لیدوانێکیدا لەبارەی سوپەرلیگ و گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ ناو کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا، گوتی :'پێویستە یانەکانی سوپەرلیگ بگەڕێنەوە ژێر سێبەری یوێفا، من لەبارەی بەجێهێشتنی سوپەرلیگ قسەم لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز کردووە و بڕیاری خۆمم و هەڵوێستی بارسێلۆنام پێ راگەیاندووە، پێویستە ئێمە لەگەڵ یوێفا چارەیەک بدۆزینەوە کە لە بەرژەوەندیی تۆپی پێدا بێت'.

لەلایەکی دیکە ناسڕ خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی و سەرۆکی کۆمەڵەی یانەکانی ئەوروپا، لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ خوان لاپۆرتا دەڵێت :'هەندێکجار لێکتێنەگەیشتن لە نێوان دوو هاوڕێ دروست دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە دواجار هەردووکیان چارەیەک دەدۆزنەوە و نزیک دەبنەوە، دڵخۆشم بە گەڕانەوەیان بۆ باوەشی خێزانەکەمان'.

بەمدواییانە بارسێلۆنا پەیوەندی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بەهیز کردووە و لە یاریی بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان، هەریەکە لە ئەلێکساندەر سێفرین سەۆرکی یوێفا و ناسڕ خلێفی لەگەڵ خوان لاپۆرتا لەسەر پەیژەکانی یاریگاوە ئامادە بوون و پەیوەندییەکی بەهێز کۆی کردبوونەوە، کە هەر لە سەرەتاوە خلیفی و سێفرین لە بەرەی دژی فلۆرێنتینۆ پێرێزدا بوون و دژایەتییەتی توندی سوپەرلیگیان دەکرد.

پڕۆژەی سوپەرلیگ ساڵی 2021 لەلایەن 20 یانەی گەورەی ئەوروپا راگەیاندرا وەکو جێگرەوەیەکی چامپیۆنزلیگ، بەڵام دواتر سەرجەم یانەکان کشانەوە و تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا مابوونەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment