لویس ساکۆ: عێراق 15 ساڵە نەیتوانیووە مافی پێکهاتەکان دەستەبەر بکات

کەنیسەی کلدانی ڕەتی دەکاتەوە کەسانی گەندەڵ و خاوەن گرووپی چەکداری لە دەشتی نەینەوا، نوێنەرایەتی پێکهاتەی مەسیحی بکەن

لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانیی عێراق و جیهان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق 15 ساڵە نەیتوانیووە مافی پێکهاتەکان دەستەبەر بکات.

پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەم 2025، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانیی عێراق و جیهان، ڕاگەیەنراوێکی بە بۆنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڵاو کردەوە  تێیدا هاتووە "داوا لە عێراقییەکان بە گشتی و مەسیحییەکان بە تایبەتی دەکەم، بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێرق بکەن و دەنگ بەو کەسانە بدەن کە بەبێ جیاوازی خزمەتی عێراقییەکان دەکەن. بە کەسانێک کە بڕوایان بە سەروەری و سەقامگیریی عێراق هەیە."

پاتریارکی کلدانیی عێراق و جیهان، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: کەنیسەی کلدانی ڕەتی دەکاتەوە کەسانی گەندەڵ و خاوەن گرووپی چەکداری لە دەشتی نەینەوا، ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر گوند و شارۆچکەکانیاندا سەپاندووە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی مەسیحی بکەن.

لویس ساکۆ، هەروا دەڵێت: ئێمە بە فەرمی  داوامان لە حکوومەتی عێراق و کۆمیسۆنی هەڵبژاردن کردووە، ڕێگەبدەن مەسیحییەکان تەنیا دەنگ بە کاندیدەکانی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن. 

پاتریارکی کلدانیی عێراق و جیهان، گوتیشی: بە داخەوە حکوومەتی عێراق زیاتر لە 15 ساڵە نەیتوانیووە مافی پێکهاتەکان دابین بکات تاوەکوو بتوانن نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.

لویس ساکۆ، لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەیدا دەڵێت: مەسیحییەکان سەرباری ئازارەکانیان، ملکەچ نابن و بە جددی هەوڵی وەدەستهێنانی ئەم مافە دەستوورییە دەدەن کە مانەوە و داهاتوویان دەستەبەر دەکات. کەنیسەی کلدانی پاشکۆیەتیی کەس ناکات و ملکەچی زۆرداریی نابێت. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment