لە دیداری هەورامانناسی گفتوگۆ لەسەر کولتوور و ڕۆڵی ئافرەت لەدەڤەری هەورامان دەکرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2025، شاخەوان سەعید، سەرپەرشتیاری دیداری ئەدەبیی هەورامانناسی، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، دیدارەکە بەڕێوەدەچێت و تێیدا چەندان لایەنی گرنگی کولتووری، ئەدەبی و مێژوویی ناوچەی هەورامان دەخرێنەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەدا دیدارەکە، یەکێکە لە دامەزراوەکانی "کەریمی عەلەکە"، چەندان بابەتی هەمەجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە: کتێبی هەورامی و زمان، سیاچەمانە و گۆرانی، ڕۆڵی ئافرەت لە ناوچەکەدا، لایەنە جوگرافی و مێژووییەکانی وەک کانیاو و شوێنەوارەکان، گرنگی و پۆتانشیێلی هەورامان.
سەرپەرشتیاری دیدارەکە جەختی لەسەر دەوڵەمەندیی ئەدەبیاتی ناوچەکە کردەوە و گوتی: "ناوچەی هەورامان ئەگەر لە ڕووی گەشتیارییەوە بایەخی پێبدرێت، سەرچاوەیەکی دیکەی داهات پەیدا دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد، تەلارسازیی ناوازەی هەورامان هەمیشە جێی سەرنجی ڕێکخراوی یونسکۆیە.
ئەمساڵ نۆ توێژەر بە بابەتی نوێوە بەشدارییان لە دیدارەکەدا کردووە، توێژینەوەکانیان تایبەت بۆ ئەم بۆنەیە ئامادە کردووە. دیدارەکە هەوڵدەدات توێژەران لە ناوخۆ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم ناوچەکانی هەورامان کۆبکاتەوە.
شاخەوان سەعید ڕاشیگەیاند: "دیدار بۆ باسکردن، گفتوگۆکردن، وروژاندنی بابەتێک و بۆ یەکتر ناسین و دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە." دووپاتیشی کردەوە، دیدارەکە ساڵانە و بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچێت و هەوڵ دەدەن ساڵ دوای ساڵ بابەتی زیندووتر و گرنگتر پێشکەش بکەن.