وادەی واژۆکردنی گرێبەستی پرۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 ئاشکرا کرا

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەكشەممە، 12ـی تشرینی 2025، گرێبەستی پرۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار واژۆ دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، پرۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3 بە گوژمەی 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار جێبەجێ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پرۆژەیە بۆ ماوەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات، هەروەها سەرۆک وەزیران، بڕیاری دا گوژمەی پڕۆژەكە لە 398 ملیۆن و 486 هەزار دۆلار زیاد بکات بۆ 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار.

ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرێبەستی پرۆژەی ئاوی دووكان-سلێمانی3، لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژۆ دەكرێت.

دوای ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە 2-9-2024، گرنگی ئەم پڕۆژەیە بۆ سەرۆكایەتیی دیوان بەرز كردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەجێ ڕەزامەندی دا بە جێبەجێكردنی پرۆژەکە. 

هەروەها بەمەبەستی باشتر جێبەجێكردنی پرۆژەكە و گەیاندنی زۆرترین خزمەت بە خەڵكی شاری سلێمانی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە زیادكردنی گوژمەكە لە 398 ملیۆن و 486 هەزار دۆلار زیاد بکات بۆ 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment