پوتن: ئەگەر ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێت، ئەوا دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی
پوتن: بەم نزیکانە چەکێکی نوێی ئەتۆم ڕادەگەیەنین

سەرۆکی ڕووسیا ئاشکرای کرد، بەم نزیکانە چەکێکی نوێی ئەتۆم ڕادەگەیەنین، دەشڵێت: ڕووسیا لە ڕووی توانای چەکی ئەتۆمییەوە لە پێش هەموو وڵاتانە، باسی لەوەش کرد، ئەگەر پلانی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێت، ئەوا دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی.
هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سەرقاڵی پەرەپێدانی چەکی نوێی ئەتۆمییە، بەو مانایەی کە ئەگەر ئەمەریکا نەیەوێت پەیماننامەی کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی درێژ بکاتەوە، ئەوا بۆ ڕووسیا گرنگ نابێت. گوتیشی: تواناکانی چەکی ئەتۆمیی ڕووسیا لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاترە.
پوتن ئاماژەشی دا، "ترەمپ هەوڵ دەدات کێشەکان چارەسەر بکات و کار لەسەر بەدەستهێنانی ئاشتی دەکات، ئەگەر پلانی ئەو بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیبهێت، ئەوا دەبێتە ڕووداوێکی مێژوویی."
لەبارەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی سەرۆکی ڕووسیا گوتی: "هەندێک جار لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ خەڵاتەکەی بەخشیوە بە کەسانێک کە هیچ شتێکیان بۆ ئاشتی نەکردووە." دەشڵێت: "بایەخی خەڵاتەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست چووە."
پوتن باسی لەوەش کرد، "هەڕەشەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنە سەر کرێملن بە مووشەکی تۆماهۆک، "خۆ نواندنە".
لە 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، پوتن پلانی پیشەسازی سەربازیی وڵاتەکەی ئاشکرا کردبوو و گوتی: دامەزراوە پیشەسازییە سەربازییەکانی ڕووسیا، پەرە بە چەکی پێشکەوتوو دەدەن، چەکی تازە و کاریگەر دروست دەکەین و بە خێرایی دەیخەینە خزمەتی سوپاوە، هەروەها مووشەک و چەکی تازە دروست دەکەن، هەوڵەکانیشیان بۆ زیادکردنی یەدەگی سەربازییە لە چەک و جبەخانە چڕتر کردووەتەوە.
باسی لەوەش کردبوو، پلانییان هەیە کە بە زووترین کات، چەکی تازە و پێشکەوتوو بخەنە خزمەتی سوپای ڕووسیای فیدراڵ.