ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی: سێیەکی پزیشک و پەرستارانی ئەورووپا تووشی خەمۆکی بوون

بەگویرەی ڕاپرسییەکی نوێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردەوە، بارودۆخی کارکردن لە کەرتی تەندروستیی ئەورووپادا زەنگێکی مەترسیدار لێدەدات، بەجۆرێک، لە هەر سێ پزیشک و پەرستارێک، یەکێکیان پێی وایە تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ بووە.

هانس کلوگ، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە ئەورووپا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "لە هەر سێ پزیشک یان پەرستار یەکێکیان نیشانەکانی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێی هەیە." ئەم ڕێژەیە پێنج هێندە لە تێکڕای دانیشتووانی گشتیی ئەورووپا زیاترە.

مەترسیدارتر لەوە، ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات "زیاتر لە یەک لە هەر دەیان" پزیشک یان پەرستار "بیریان لە خۆکوشتن یان زیانگەیاندن بە خۆیان کردووەتەوە."

ڕاپرسییەکە، پشتی بە وەڵامی 90 هەزار کارمەندی تەندروستیی لە 27 وڵاتی ئەورووپادا بەستووە، دەریدەخات کە:

یەک لەسەر سێی پزیشکان و پەرستاران ڕووبەڕووی ترساندن یان هەڕەشەی توندوتیژی بوونەتەوە.
نزیکەی سەدا 10یان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا تووشی توندوتیژیی جەستەیی یان ئازاردانی سێکسی بوون. هەروەها جگە لە توندوتیژی، بارگرانیی کارکردن یەکێکی دیکەیە لە هۆکارە سەرەکییەکان.

لە هەر چوار پزیشکێک، یەکێکیان زیاتر لە 50 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کاردەکات، نزیکەی سێیەکی پزیشکان و چارەکێکی پەرستاران گرێبەستی کاتییان هەیە، ئەمەش هەستی نادڵنیایی و فشاری دەروونی زیاد دەکات. هەروەها لە ڕووی جوگرافیشەوە، کارمەندانی تەندروستیی لە لاتڤیا و پۆڵەندا بەرزترین ڕێژەی خەمۆکییان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا دانیمارک و ئایسلەندا خاوەنی کەمترین ڕێژەن.

هانس کلوگ هۆشداریی دەدات، ئەم بارودۆخە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی کەرتی تەندروستیی هەیە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت ئەورووپا تا ساڵی 2030 ڕووبەڕووی کەمیی نزیکەی یەک ملیۆن کارمەندی تەندروستیی ببێتەوە. بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، داوای چاکسازی لە سیستمی زیادەکاری و توندکردنەوەی ڕێکارەکان دژی توندوتیژی لە نەخۆشخانەکاندا دەکات.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment