ئایا چین دەبێتە گرەنتیکاری رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران

لە کاتێکدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان، چارەسەری پرسی ئەتۆمی و کردنەوەی گەرووی هورمز بەردەوامن، ناوی وڵاتی چین وەک "گرەنتیکارێکی سەرەکی" بۆ هەر رێککەوتنێکی ئەگەری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دێتە ئاراوە؛ پێگەیەک کە دەکرێت دەسەڵاتی بەیژینگ لە نێوەندگیرێکی ئاساییەوە بەرز بکاتەوە بۆ زلهێزێکی دەستەبەرکاری پابەندییەکانی نێوان هەردوولا.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە پشت پەردەوە گفتوگۆ هەیە لەسەر ئەگەری بەشداریکردنی چین وەک لایەنی گرەنتیکار لە نێوان واشنتن و تاران. ئەگەرچی هێشتا روون نییە بەیژینگ داواکاریی فەرمیی لەم بارەیەوە پێگەیشتووە یاخود نا، بەڵام پێگەی ئابووری و سیاسیی چین وایکردووە ببێتە بژاردەیەکی سەرەکی لە هاوکێشەکەدا.

بەیژینگ خاوەنی کارت و کەرەستەی زۆری گوشارە؛ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، چین زیاتر لە 90%ـی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت، ئەمەش وا دەکات تاران لە رووی داراییەوە بە تەواوی پشت بەم هاوبەشە ئاسیاییەی ببەستێت. هاوکات سەرەڕای رکابەرییە توندەکانی، چین کەناڵی پەیوەندیی کراوەی لەگەڵ واشنتن هەیە و بەرژەوەندیی گەورەی بازرگانیشی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەیە. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری نەوت و وزەی چین لە رێگەی گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێت، سەقامگیریی ناوچەکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاسایشی ئابووریی پەکینەوە هەیە.

محەممەد موحسین ئەبو نوور، سەرۆکی کۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیکاریی سیاسەتەکانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز عەرەبی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نفوزەی چین دەسەڵاتی مانۆڕی پێدەبەخشێت، بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی بتوانێت ئێران ناچار بکات لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی ئاسایشی نەتەوەیی سازش بکات.

ئەمە یەکەمجار نییە ناوی چین لە تەنگژەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدرەوشێتەوە؛ لە ئاداری 2023دا بەیژینگ میوانداریی رێککەوتنی مێژوویی نێوان سعوودیە و ئێرانی کرد، پێشتریش لە رێککەوتنی ئەتۆمیی 2015دا بەشدار بوو.

جیاوازیی ئەمجارە ئەوەیە، دۆسیەی ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆزترە و پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم، هەڵگرتنی سزاکان، ئاسایشی کەشتیوانی و رێکخستنە سەربازییەکان لەخۆدەگرێت. هاوکات کشانەوەی تاکلایەنانەی ئەمریکا لە رێککەوتنی 2018 دەریخست کە بوونی چین بە تەنیا بەس نییە بۆ پاراستنی رێککەوتنەکان لە داڕمان.

گرێکوێرەی سەرەکی ئەوەیە کە واشنتن داوای هەنگاوی کۆنکرێتی دەکات لەسەر یۆرانیۆمی پیتێنراو، لە بەرامبەردا تاران دەترسێت هەنگاو بنێت و دواتر کۆشکی سپی سزاکانی بەسەردا بسەپێنێتەوە.

لێرەدا چین دەتوانێت سەرپەرشتیی میکانیزمێکی هەنگاو بە هەنگاو بکات؛ واتە بەرامبەر هەر پابەندییەکی تاران، واشنتن بڕیارێکی ئەرێنی بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەیژینگ ناتوانێت گرەنتی بدات کە ئیدارەکانی داهاتووی ئەمریکا لە داهاتوودا سزاکان ناگەڕێننەوە، هاوکات چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانیش کاری پسپۆڕانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمە (IAEA) نەک دەوڵەتێکی گرەنتیکار.

بۆ کۆشکی سپی، قبووڵکردنی ئەوەی رکابەرە سەرسەختەکەی ببێتە بڕیاردەری سەرەکی لە پرسی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام دەکرێت وەک سوودێکی پراکتیکی سەیری هەژموونی چین بەسەر تاراندا بکات تا رێککەوتنەکە سەربگرێت.

شارەزایان پێیان وایە واقعییترین سیناریۆ ئەوەیە کە چین بە تەنیا بەرپرسیارێتییەکە هەڵنەگرێت، بەڵکو سیستەمێکی "گرەنتیی فرەلایەنە" پێکبهێنرێت؛ بە جۆرێک چین، رووسیا و دەوڵەتانی ناوچەکە پاڵپشتیی سیاسیی رێککەوتنەکە بکەن، قەتەر و عومان و پاکستان وەک نێوەندگیر بمێننەوە، و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش پشتڕاستی پابەندییە تەکنیکییەکان بکاتەوە.