کەرنەڤاڵی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەستیپێکرد

پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و یەکەمین کەرنەڤاڵی جەماوەریی بەرێوەدەبات، لەم کەرنەڤاڵەدا، کە بڕیارە کاتژمێر چواری ئێوارە دەست پێبکات، لایەنگرانی پارتی پەیتا پەیتا دەێنە ئاهەنگەکە.

لەم کەرنەڤالەدا، هەر 24 کاندیدی لیستەکەی پارتی ئامادە دەبن و بەرنامەی کاری خۆیان بۆ دەنگدەران دەخەنەڕوو.

لەوبارەوە شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی لسیتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: جۆش و خرۆشی جەماوەر نیشانەی ئەوەیە خەڵک ئومیدی بە پارتییە، ئاماژەی بەوەشدا، خەڵک باوەڕی بە پارتی هەیە کەدەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت.

بەیانی ئەمرۆ شەممە، لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ئەم کەرنەڤاڵە، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، "داواکارین خەڵکی ئەم شارە بەگشتی و دەنگدەرانی پارتی بەتایبەتی هاوکارمان بن. ئەو خۆشگوزەرانییەی لە کوردستان دابینکراوە لەژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بتوانین بیگوازینەوە بۆ کەرکووکیش."

ئەم کەرنەڤاڵە جەماوەرییە گەورەیە وەک دەستپێکێکی بەهێز بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک هەژمار دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگران و دەنگدەرانی ئەو حیزبە بەشداری تێدا بکەن.

 

 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment