مەسرور بارزانی: ئەم کەنیسەیە دیارییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خوشک و برایانی کریستیان

ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەنیسەی "ئووم ئەلنوور" لە شارۆچکەی عەنکاوە کردەوە.
سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی گوتیشی: لەکۆمەڵگەی کوردیشدا خانمی زۆر هەن بەناوی ئەو ناو نراون، هیوادارم ئەم کەنیسەیە ببێتە شوێنێکی گرنگی خواپەرستی کریستانییەکان لە عەنکاوە و ببێتە مەڵبەندێکی پەرەپێدانی زیاتری برایەتی و دۆستایەتیی نێوان ئاینەکان و گەشەپێدانی کەلتووری و پێکەو ژیان لە هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بەوەشدا، لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەتی دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش هەرێمی کوردستان و موسڵ و دەشتی نەینەوا هەزران خوشک و برای کریستیان لەو شوێنانە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و پەنا بۆ هەرێمی کوردستان بێنن، بەتایبەتیش لە عەنکاوە نیشتەجێببن، بەئاشتی و بە ئارامی بژین، دەشڵێت ئەم کەنیسەیە دیارییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەو خوشک و برایانەی کە وەک بیستم بەشێکی زۆریان ئاوارەی دەشتی نەینەوان، کە بەهۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە هەر لێرە ماونەتەوە و سوود لەم کەنیسەیە وەردەگرن و خواپەرستی تێیدا دەکەن.
مەسرور بارزانی، باسی لەوەش کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بەم بارودۆخە سەپێنراوەی دەشتی نەینەوا و بۆ دروستکردنی کەشێکی ئارام و سەقامگیر بۆ ئەوەی خوشک و براکانمان بتوانن بەسەربەرزی و بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و کەنیسەکانیان.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پرۆژەیەکی ڕێگاوبانمان لە نزیک پەرستگەی لالش کردەوە، کە ئاسانکارییەکی زۆر بوو بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان، هەر ئەمڕۆش بەردی بناغەی پەیمانگەی ئاینی ئەزهەر دادەنێین هەورەها بەشداری لە ئاهەنگی دەرچوونی پێشنوێژ و وتارخوێنان لە هەولێر دەکەین. ئەمە هەمووی بەڵگە و نیشانەی هەمەڕەنگی کۆمەڵگەی کوردسانە و گرنگی دانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بەهەموو ئاینەکان و قوڵکردنەوەی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئاینی لە هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەرخستنی پەیامی ئاشتیی و بەیەکەوەژیان لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کەنیسە ئوم ئەلنوور لەسەر ڕووبەری شەش هەزار مەتر و بە گوژمەی بە چوار ملیار و 290 ملیۆن دینار لە عەنکاوە دروستکراوە. شوێنی هەزار کەس لەناو کەنیسەکەدا دەبێتەوە.
بە گوتەی مەترانی کاتدرائی، کردنەوەی ئەو کەنیسەیە زۆر گرنگە بۆ کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.