تەندروستیی سلێمانی ماوەی کەرەنتین بۆ هەشت رۆژ کەمدەکاتەوە

"ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، تەنها لە هەشت رۆژی یەکەم دەبنە هۆی تووشبوونی کەسانی دیکە"

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند ماوەی کەرەنتین بۆ ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان کەمکرایەوە بۆ هەشت رۆژ.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ (سێشەممە، 27-10-2020) رایگەیاند "ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان، تەنها لە هەشت رۆژی یەکەم دەبنە هۆی تووشبوونی کەسانی دیکە، بۆیە تەنها (هەشت تاوەکو 10) رۆژ خۆکەرەنتینەکردن پێویستە، بەڵام پێویستیان بە پشووی زیاترە".

بەپێی راگەیەندراوەکە، د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی گوتوویەتی "هەرکەسێک لە پشکنینی خوێنەکەیدا (IgG) بینرا، مانای ئەوەیە ڤایرۆسەکە ناگوازێتەوە، بەڵام مەرج نییە نیشانەی نەبێت".

پشکنینی IgG بۆ خوێنی تووشبووانی کۆرۆنا دەکرێت کە چاکبوونەتەوە، تاوەکو بزانرێت بەرگری لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروست بووە یان نا.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە هەرێمی کوردستان یەکەم حاڵەت لە سلێمانی تۆمارکرا، لەوکاتەوەش بڕیاردرا هەرکەسێک تووشی کۆرۆنا بووبێت بۆ ماوەی 14 رۆژ کەرەنتین بکرێت.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی داوای کردبوو ئەوانەی تووشی کۆرۆنا بوون، جگە لەو 14 رۆژ کەرەنتینەکردنە، تاوەکو 10 رۆژی دواتریش بەوردی رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن.

هەرچەندە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پەتاکە لە هەرێمی کوردستان بەباشی کۆرۆنترۆڵکرا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، خەڵک لە جێبەجێکردنی رینماییەکان ساردبوونەوە، بەجۆرێک ئێستا زیاتر لە 70 هەزار کەس لە کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون.

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی، لە پارێزگای سلێمانی تائێستا 21 هەزار و 417 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 1150 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

هـ.ر.