غەززە ..هەزاران خێزان گەڕانەوە
لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەست لە غەززە، هەزاران خێزان لە شەقامی ڕەشیدەوە دەستیان بە گەڕانەوە کرد بەرەو باکووری غەززە، ئاوارەکان سەرباری بێماڵ و حاڵی بەڵام دڵخۆشی خۆیان ناشارنەوە لەوەی دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، هەرچەندە ئەوەی بۆی دەگەڕێنەوە وێرانەیە و هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی تێدا نییە.
ئاوارەکانی غەززە لەڕێگەی کوردستان24وە پەیامی خۆڕاگیری و ئارامگریی بە جیهان دەدەن و جەخت دەکەنەوە؛ ئازارەکانیان هەرچەندە گەورەبن، بەڵام هیواکانیان گەورەترن و چاویان لە داهاتوویەکی باشترە بۆ غەززە.
ئاوارەیەکی غەززە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو هەستەی هەمانە کە دەگەڕێنەوە بۆ ناوچە وێران و بۆردوومانکراوەکانمان هەستێکی تایبەتە، ئێمە هەرچەندە سێ جار خانووەکانمان وێران بوون، بەڵام هەر دڵۆخشین بە گەڕانەوە.
ئاوارەیەکی دیکە دەڵێت: بەڕاستی هەستێکی خۆشە، خێمەکان بەجێدەهێڵین و دەچین خانووە وێرانەکەمان ئاوەدان دەکەینەوە.
لەسەر ڕووخساری ئاوارە گەڕاوەکان ئازار و نەهامەتی دەبینرێت، بەناو شەقامە وێرانەکاندا ڕێدەکەن، بەدوا ماڵێک یاخود پەناگەیەکدا دەگەڕێن. ئێرە غەززەیە کە سەرباری نەهامەتی بە پێوە وەستاوە، خۆڕاگریی و ئارامیی نیشانی جیهان دەدات.
ئاوارەیەکی دی دەڵێت: کە یەکەم جار گەڕاینەوە خانووەکەی خۆمان نە ناسییەوە، گەڕەکەمان وێران بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا دەمانەوێت ئاوەدانی بکەینەوە. پێشتر لە خێمە دەژیاین، دەکوژراین و بریندار دەکراین.
ڕێگەی گەڕانەوە گوڵڕێژ نەکراوە، ژێرخانییان و خانووەکانیان وێرانە، دامودەزگاکان لەناوچوون، نە کارەبا هەیە نە ئاوی خواردنەوە، نە پەناگەیەک کە شایەنی مرۆڤ بێت
ئاوارەیەک گوتی: گەڕاوینەوەتەوە، ئەوەی بۆمان ماوەتەوە وێرانەیە، نە ئاو نە کارەبا نییە و هەموو شتێک خاپوورکراوە، تەنانەنت جلوبەرگ و کەرەستە سەرەتاییەکانیشمان لێرە لەناوچوون، دەتوانین بڵێن بەسەر وێرانەدا هاتووینەتەوە.
غەززە هەموو ڕۆژێک لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە، منداڵ یارییەکانی دەدۆزێتەوە، خەڵک بەرد دەخەنە سەر یەک بۆ بنیاتنانەوەی خانووەکانیان. دەنگێک لێرە بەرزدەبێتەوە و دەڵیت؛ چیرۆکەکان لێرە بەردەوامن، هیوا هێشتا لە ئازار گەورەترە.