تەندروستیی هەولێر: نەخۆشخانەی لەدایکبوون بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ستایشی پشتیوانیی کابینەی نۆیەم دەکات و جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریی ڕێکخراوەکان دەکاتەوە.

ئەمڕۆدووشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، پلانی بەئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەی لەدایکبوونی ڕاگەیاند و تیشکی خستە سەر دەستکەوت و پێداویستییەکانی کەرتی تەندروستی لە سنووری پارێزگاکە.

دکتۆر دلۆڤان سوپاسی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ دابینکردنی بودجەی تایبەت بۆ کەرتی تەندروستی، بەڵام ڕایگەیاند: "سەرەڕای ئەم پشتیوانییە، کەرتی تەندروستیی کەرتێکی فراوانی خزمەتگوزارییە و پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەنێک هەیە، بەتایبەتی ڕێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان."

لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بە دەستپێکردنی قۆناغی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی نەخۆشخانەی لەدایکبوون کرد و ڕایگەیاند کە "شوان زراری هاوکار و پشتیوانمانە لەم پڕۆژە گرنگەدا."

هەروەها باسی لەوەش کرد، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانیویەتی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە چەندان شوێنی گرنگدا بەرز بکاتەوە و کوالێتییان باشتر بکات. وەک نموونە، گوتی: "توانیمانە بڕوانامەی ئایزۆ (ISO) بۆ چەندان بەشی گرنگ بەدەستبهێنین، لەوانە بەڕێوەبەرایەتیی تاقیگەی گشتیی، بانکی خوێن، و سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری."

 
Fly Erbil Advertisment