فەرەنسا دژی تورکیا هانا بۆ یەکێتی ئەوروپا دەبات
ناکۆکییەکانی پاریس و ئەنقەرە زیاتر دەبن
K24- هەولێر:
فەرەنسا داوا لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، رێکار دژی تورکیا بگرێتەبەر بەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، داوای بایکۆتکردنی بەرهەمی فەرەنسی دەکات.
فەرەنسا گلەیی ئەوەش دەکات، سەرۆکی تورکیا بێ رێزی بەرامبەر بە ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کردووە و باسی لە کێشەی دەروونی کردووە.
لای خۆیەوە، کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا هۆشداریی داوە بە ئەنقەرە، ئەندامبوونی لە یەکێتی ئەوروپا ئێستا زۆر دوورە، ئەمەش بەهۆی لێدوانەکانی ئەردۆغان دژی ماکرۆن.
فرانک ریستێر، وەزیری گواستنەوەی فەرەنسا رایگەیاند، فەرەنسا یەکگرتووە و ئەوروپا یەکگرتووە. ئەنجوومەنی ئەوروپا دەبێت بڕیار بدات بۆ بەهێزکردنی هاوسەنگی هێز لەگەڵ تورکیا و بەرگریکردن لە بەهاکانی ئەوروپا.
بەهۆی سەربڕینی مامۆستایەکی فەرەنسی لە لایەن کەسێکی چیچانی کە فەرەنسا رووداوەکە بە “تیرۆرزمی ئیسلامی” ناوی دەبات، بووەتە هۆی ناکۆکی لە نێوان فەرەنسا و چەند وڵاتێکی ئیسلامی.
ئەو چەند وڵاتە وێنەی ماکرۆن دەسووتێنن و داوای بایکۆتکردنی بەرهەمی فەرەنسی دەکەن. فەرەنساش تورکیا بە دەستپێشخەری ئەو هەنگاوە دەزانێت.
France24