ئەڵمانیا رێکاری تووندتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەگرێتە بەر
شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هەڕەشە لە ئەڵمانیا دەکات
K24- هەولێر:
ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی هەرێمەکان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر رێکاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەدەن.
مێرکڵ هانی ئەڵمانییەکان دەدات خۆیان باشتر بپارێزن چونکە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا یەخەی وڵاتەکەی گرتووە.
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، ئێمە دەزانین دەتوانین خۆمان بپارێزین. دەبێت وەڵامێکی گونجاوترمان هەبێت.
رۆژنامەی بیلدی ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، ئەڵمانیا نیازی هەیە بار و رێستۆرانتەکان بە تەواوی دابخات.
ئاشکراشیکردووە، قوتابخانەکان لە هەندێک ناوچە کە حاڵەتەکانی کۆرۆنا تێیاندا زۆرە، دادەخرێن.
بەگوێرەی راپرسییەک، 60%ـی هاووڵاتیانی ئەڵمانیا پشتگیریی لە داخستنی باڕ و رێستۆرانتەکان دەکەن.
دوێنێ سێشەممە، لە 24 کاتژمێردا، 11 هەزار و 409 حاڵەتی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا تۆمار کرا.
DW