بڕوا بکەی یان نا؛ یاریزانێک لە رێگای لینکید ئینەوە بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات
چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی یاریزانێکی کاپ ڤێردی

رۆبێرتۆ لۆپێز لەوانەیە ببێتە یەکەم یاریزان لە مێژوودا بە لینکید ئین بەشداریی مۆندیال بکات، ساڵی داهاتوو بە درێسی کاپ ڤیردییەوە بەشداریی یارییەکانی مۆندیال دەکات.
رۆبێرتۆ لۆپێز ساڵی 1992 لە دەبلن لە ئێرلەندا لەدایکبووە، بەڵام لە رێگای ماڵپەڕی LinkedInـەوە لەوەتەی ساڵی 2018 درێسی هەڵبژاردەی کاپ ڤێردی دەپۆشێت و تاوەکو ئێستا 41 یاریی بە درێسی هەڵبژاردەکەی کردووە، هاوینی داهاتوو بە درێسی هەڵبژاردەکەی بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات، بۆیە دوای ئەوەی گەیشتنیان بە مۆندیال مسۆگەر کرد ئەو یاریزانەی کاپ ڤێردی گوتی 'سوپاس لینکید ئین، بۆ ئەوەی دەرفەتی بەشداریکردنت لە مۆندیال پێبەخشیم'.

رۆبێرتۆ لۆپێز کە بە پیکۆ ناسراوە، لەبارەی چیرۆکی خۆی و لینکید ئین دەڵێت :'کاتێک لە کۆلێژ بووم هاوڕێیەکم پێشنیازی کرد لینکید ئین بەکار بهێنم و ئەکاونتێکی لەو ماڵپەڕە بۆ دروستکردم، بەڵام من هیچم لێی نەدەزانی و زۆر پێیەوە وابەستە نەبووم، دوای ئەوەی ئەکاونتەکەم دانا، نامەیەکم بە زمانی پۆرتوگاڵی بۆ هاتبوو، بەڵام من هەر وامزانی نامەی بەخێرهاتنە، بۆیە نامەکەم نەکردەوە و گرنگیم پێی نەدا'.
راهێنەری کاپ ڤێردی ساڵی 2018 لە رێگای لینکید ئینەوە نامەی بۆ بەرگریکارەکەی شامرۆک رۆڤەرزی ئێرلەندی ناردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی نامەکەی ەب زمانی پۆرتوگاڵی بوو، رۆبێرتۆ لۆپێز لە نامەکەی نەگەیشتبوو، دوای نۆ مانگ راهێنەرەکە وازی نەهێنابوو جارێکی دیکە نامەی بۆی ناردبووەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە زمانی ئینگلیزی نامەی بۆی ناردبووەوە، دوای چەند مانگێک ئەو یاریزانە ئێرلەندییە یەکەم یاریی بە درێسی کاپ ڤێردی کرد و ئێستا خاوەنی 41 یارییە بە درێسی هەڵبژاردەکەی.

پیکۆ دوای ئەوەی بۆیەکەمجار لە مێژوودا بلیتێکی مۆندیالیان بۆ کاپ ڤیردی بەدەستهێنا، لە لێدوانێکیدا گوتی :'ئەمە مانای زۆر شت دەگەیەنێت بۆ من، لە منداڵییەوە ئەمە خەونی من بووە، نەک هەر من دڵنیام ئەمە خەونی هەموو یاریزانەکان بووە، رۆژێک لە رۆژان بتوانن بگەنە بەرزترین ئاستی کێبڕکێی یاریی تۆپی پێ کە مۆندیالە، ئەمە بۆ ئێمە مێژووییە بۆیەکەمجار کاپ ڤیردی بەشداریی مۆندیال دەکات، ساتێکی لەبیر نەکراو و سەرنجڕاکێشە بۆ ئێمە، هیچ هەستێک لەم هەستە خۆشتر نییە'.