تونجەر باکرهان: پێویستە پەرلەمانی تورکیا گوێ لە بۆچوونەکانی ئۆجەلان بگرێت

هاوسەرۆکی دەم پارتی، ئاماژە بەوە دەکات، پێویستە یاسا سەروەر بێت و چیتر قەیووم نەمێنێت؛ دهشڵێت، داوای مافی خوێندن بە زمانی دایک و هەموارکردنەوەی بە پەلەی یاسا بنەڕەتییەکان دەکەن.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆبوونەوەی هەفتانەی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، به پێویستی زانی، گوێ لە بۆچوونەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبهری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه)، بگیرێت و سهڵاحهددین دهمیرتاشیش ئازاد بکرێت. گوتیشی، خەڵک چاوەڕوانی لە پەرلەمان دەکات لە وەرزی نوێیدا چاکسازی لە چەند یاسایەک بکات و هەموو چاوەکان لەسەر هەنگاوە پێویستەکانن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: با ئەمساڵی یاسادانانی پەرلەمان بکەینە ساڵی چارەسەری پرسە مێژووییەکانی تورکیا، بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجەلان بناغەکانی چارەسەری پتەوتر دەبن.
تونجەر باکرهان گوتیشی: داوای هاووڵاتیبوونێکی یەکسان دەکەین لە ڕێگەی دەستوورەوە بە یەکسانی سەیری هەمووان بکات و داوا دەکەین یاسا سەروەر بێت و چیتر قەیووم نەمێنێت و داوای مافی خوێندن بە زمانی دایک دەکەین.
هەروەها داوای هەموارکردنەوەی بە پەلەی یاسا بنەڕەتییەکانی كرد بە تایبەتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، یاسای سزادان و جێبەجێکردنی سزاکان و ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و نەخۆش و گەڕانەوەی خێرای ئەوانەی کە بە هۆکاری سیاسی ناچار بوون وڵات جێبهێڵن.