ئەردۆغان: یەکگرتنی خێرای هەسەدە و سوپای سووریا گەشەپێدانی ئهو وڵاته خێراتر دەکات

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، خێراکردنی پرۆسەی یەکگرتنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتەدا، یارمەتیدەر دەبێت لە خێراکردنەوەی گەشەپێدانی وڵات و بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی له لووتکەی شرم شێخ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، دەبێت هەسەدە دەستبەجێ لەگەڵ سوپای سووریا یەکبگرنەوە. گوتیشی: یەکگرتنی خێرای هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا، هەوڵەکانی گەشەپێدانی سووریا خێراتر دەکات.
هەروەها ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریای بۆ یەکگرتنەوەی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئهو وڵاته کرد و ئاماژەی دا، ئەو یەکگرتنەوەیە لە بەرژەوەندیی سووریا و تورکیادایە.
پێشتر مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانیان لەناو سوپا و هێزە ئەمنییەکانی سووریادا گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی.
مەزڵووم عەبدی باسی لەوەش کردبوو، ئەوەی نوێیە لە گفتوگۆکانی ئەم دوایەیان لە دیمەشق، ئیرادەی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە. هەروەها ئاماژەشی دابوو، گرنگترین خاڵ، گەیشتنە بە لێکگەیشتنێکی سەرەتایی سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی 'کورد' لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا.
مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە 10ـی ئاداردا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆ گرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بوو بە دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا ڕێگری لە پێشکەوتن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا کردووە.